ئیستەنبوڵ
سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە میانی گوتارێك لە كۆنسەی پەیوەندییەكانی ئابوریی دەرەكیدا پێشكەشیكرد، گوتی: "پهیوهندیمان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدر عهبادی باشن و لەم مانگەدا لەگەڵ شاندێكی گەورە سەدانی بەغدا دەكەم."
داودئۆغڵو ههروهها گوتی: "ئێمە هەست بە كێشە و گرفتەكانی عێراق دەكەین، بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەو كێشە و گرفتانە دەزانین كە عێراق چەند هێز و توانای هەیە و بەهۆی سەروەت و سامانەكانییەوە یەك لە وڵاتە دەوڵەمەندەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆیە كاتێك پڕۆسەی ئاوەدانكردنەوەی عێراق دەست پێ بكات، نابێت ئێمە لەو وڵاتە دەربچین، بەڵام ئەوانەی دەیانەوێ توركیا لە عێراق رۆل و پێگەی نەبێ ئەوانەن كە دەیانەوێ پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و بەغدا لاواز بن چونكە دەیانەوێ بەشی توركیا لە عێراق كەم بكەنەوە. هەر ئەو كەسانە ئاماژەیان بەوەش دەكرد ئەگەر لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لە بواری وزەدا ئاڵوێری بازرگانیتان هەبێت، ئەوا رێگاتان لێ دادەخەن."
داودئۆغڵو داوای هەنگاونانی بوێرانەی لە سەرمایەدار و كارسازەكانی توركیا كرد و گوتی: "ئەگەر چەند كەس و لایەنێك دەیانەوێت ئێوە لەوێ دەربكهن یان هەوڵ بۆ دەركردنی ئێوە دەدات، ئەوا ئێمە وەكو حكومەت رووبەرووی دەبینەوە، لەم وڵاتە نزیكەدا هەوڵ بۆ گۆڕینی هاوسەنگییەكان دەدرێ. هاوسەنگییەكانی بواری وزە دەگۆڕدرێن، پێویستە هەموو كەس ئەمە بزانێ و ناكرێ ئێوەش لە هاوكارییەكانی خۆتان درێغی بكەن. كاتێك لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا رێككەوتنمان ئیمزاكرد زۆر كەس ناڕازی بوون چونكە دەیانگوت هاوسەنگییەكان دەگۆڕدرێ. برینمان وزەیە و تەنیا بە وزە دادەخرێ. ئەمەیش ئەو بۆڕی و هێڵە وزەییانەن كە لە وڵاتەكەماندا تپێپەڕ دەبن. ئەمانە هەر وەكو رێگای ئاوریشم گرنگییەكی تایبەتی بۆ توركیا ههیه، بۆیە لە سەردەمێكدا كە لە دەورووبەری وڵاتهكهمان یاریهكی گهورهی وزه ئهنجام دهدرێت، نابێت ئێمە خۆمان لەو یارییانەدا بەدوور بگرین و مۆڵەت بە خۆ دوورخستنهوهش نادەین."