Abdullah Shukur
23 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2018
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامداوە و گوتیشی: "(لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان) باسی ھەوڵی ھاوبەشمان لە سووریا و کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی لەسەرخۆ و رێکخراو کرد".
دۆناڵد ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دوور و درێژی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامداوە.
ترەمپ رایگەیاند "کەمێک پێش ئێستا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دورو درێژ و ئەرێنم لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامداو تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی داعشمان کرد. یەکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا دوای ساڵانێکی زۆر دەگەڕێنەوە ماڵەوە".
ترەمپ راشیگەیاند کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی پەیوەندی ئابووری نێوان ھەردوو وڵاتیان کردوە و گوتیشی: "باسی پرسی بازرگانی فراوانیشمان کرد".
پێشتر سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای لە سووریا دەرکردبوو.