Abdullah Shukur
16 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2018
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیاوە وەرگیراون، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەردۆغان و ترەمپ ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان لەبارەی پرسەکانی وەک لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە فەتۆ لە ئەمریکا، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سووریا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردووە.
ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ترەمپ کرد بۆ ئەو کەسانەی کە لە ئاگرکەوتنەوەکەی دارستانێک لە ویلایەتی کالیفۆرنیا گیانیان لەدەستداوە.
ئەردۆغان و ترەمپ ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت تاوانی کوشتنی خاشقچی بە گشت رەھەندەکانییەوە ئاشکرا بکرێت و رێگا نەدرێت ئەو پرسە پەردەپۆش بکرێت.
ھاوکات ھەردوو سەرۆک جەختیان لەسەر گرنگی ھەماھەنگی نزیکی ھەردوو وڵات لە پرسەکانی بەرەنگاربوونەوەی گشت رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردەوە.
ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ خۆشحاڵی خۆیان لەبارەی دەستپێکردنی چالاکییەکانی دەورییەی ھاوبەشی نێوان سوپای تورکیا و ئەمریکا لە چوارچێوەی نەخشە رێگای منبج دەربڕی.
ئەردۆغان باسی لە چاوەڕوانییەکانی تورکیا لە مەڕ کۆتایھێنان بە ھاوکاریکردنی درێژکراوەی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سووریا لەلایەن ئەمریکا کردەوە.
ھەردوو سەرۆکەکە باسی ئەو پرسانەشیان کرد کە لە کۆبوونەوەکانی فەڕەنسا تاوتوێیان لەسەر کرابوو، ھاوکات پێداگری ھەماھەنگی ھەردوو وڵاتیان لە گشت بوارەکان کردەوە.