Abdullah Shukur
03 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2017
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا رایگەیاند کە ئەوان نیگەرانن لەو دەنگۆیانەی کە باس لە ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی لە سووریا دەکەن و گوتی: "بانگەوازی راگرتنی ھێرشی ئاسمانی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە دەکەین".
لە یەکەم رۆژی گەڕی چوارەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانا سەبارەت بە سووریا کە لە شاری ئاستانای پایتەختی کازاغستان بەڕێوەدەچێت، ھیچ ئەنجامێکی بەرجەستە بەدەست نەھات.
کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لە نێوان لایەنەکانی سووریا لە ھۆتێلی ریکسۆسی شاری ئاستانا ئەنجامدرا. شاندی سەربازیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە پێش دەستپێکی کۆبوونەوەکان کاردانەوەی توندی بەرامبەر ھێرشە ئاسمانییەکانی رووسیا لە ھەردوو شاری حەما و دێرا نیشاندا و کۆبوونەوەکانیشیان ھەڵپەساردبوو. شاندەکە بە بەڵگەنامەیەک پێشنیارەکانی خۆیان پێشکەش بە لایەنەکان کرد و ھۆتێلەکەیان بە جێهێشت.
-"پێویستە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن"
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە ئەوان نیگەرانن لەو دەنگۆیانەی کە باس لە ئەنجامدانی ھێرشی ئاسمانی لە سووریا دەکەن.
دی میستورا ئاشکراشی کرد کە ئەوان بانگھێشتی راگرتنی ھێرشی ئاسمانی و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و لێکۆڵینەوە لەم ھێرشانە دەکەن.
دی میستورا جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکانی ئاستانا زۆر گرنگە و نابێت ئەو دەرفەتە بە فیرۆ بدرێت. ھیواشی خواست کە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن سبەینێ بەشداری لە کۆبوونەوەکان بکەن.
ھاوکات ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین بۆ سووریا بە رۆژنامەوانانی رایگەیاند کە شاندنی رووسیا لەگەڵ شاندەکانی تورکیا، ئێران، سووریا و ئەمریکا کۆبوونەتەوە. گوتیشی: "شاندی رووسیا پێشنیاری پێکھێنانی ناوچەیەکی ئارامی لەو شوێنانە کردووە کە شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریای تێدا روودەدات. ناوچەکە لە قۆناغی پێکھێنان دایە، بەڵام ناتوانم وردەکارییەکان ئاشکرا بکەم".
لاڤرێنتیڤ ئەوەشی خستەڕوو کە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ناکۆکییەکان، وڵاتانی گەرەنتیدەرھەوڵی لێک نزیکردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان دەدەن. ناوبراو بانگەشەی ئەوەشی کرد کە لایەنی ئۆپۆزسیۆن بۆچوونی ئەرێنی و دروستکەری لە کۆبوونەوەکان نەبووە.
لاڤرێنتیڤ جەختیشی لەوە کردەوە کە لێدوانەکانی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبارەی ھێرشی ئاسمانی رووسیا لە ھەردوو شاری حەما و دێرا بێ بنەمایە.
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی گەڕی چوارەم، چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کە سبەینێ لە دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەی سەرەکی و لە دوای ئەوەش کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز بکرێت.
گەڕی سێیەمی کۆبوونەوەکانی ئاستانا لە ١٤-١٥ی مانگی ئادار بەڕیوەچوو. بەڵام شاندنی سەربازیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەھۆی بەردەوامی پێشێلکاری ئاگربەست لەلایەن رژێمی سووریاوە، بڕیاری دابوو بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئاستانادا نەکات.