Mazın Asad
03 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2017
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: "دەستەبەرکردنی رێککەوتنێکی ئاشتی لەلایەن ئەمریکا یاخود وڵاتێکی دیکە رێگری لێ ناکرێت. ئیسرائیل و فەڵەستین پێویستە پێکەوە کار بکەن. دواجاریش دەمانەوێت رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ببینین".
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە ئارەزووی رێککەوتن لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین دەکەن و راشیگەیاند کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ھەنگاوێکی نوێیە بۆ ھەوڵەکانی ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام قۆناغی ئاشتی تەنھا بە کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان ھەردوو وڵات مومکین دەبێت.
-"پێویستە ئیسرائیل و فەڵەستین پێویستە پێکەوە کار بکەن"
ترەمپ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ ھەر ھەوڵێک بۆ پێشخستنی قۆناغی ئاشتی دەربڕی و گوتی: "دەستەبەرکردنی رێککەوتنێکی ئاشتی لەلایەن ئەمریکا یاخود وڵاتێکی دیکە رێگری لێ ناکرێت. ئیسرائیل و فەڵەستین پێویستە پێکەوە کار بکەن. لە رێگەی ئاشتیدا پێشکەوتنێکی بەرچاو دەستەبەر کراوە و دەمەوێت رۆژێک دووبارە عەباس بۆ واژووکردنی رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل لێرە ببینم. دواجاریش دەمانەوێت رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین ببینین".
سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند ئەمریکا ئامادەیە پەرە بە پەیوەندییەکانی ئابووری لەگەڵ فەڵەستین بدات بۆ ئەوەی توانای گەلی فەڵەستین دەربخات.
-"پێویستە کۆتایی بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بێت"
هاوکات سەرۆکی فەڵەستین، مەحمود عەباس ئاماژەی بەوە دا کە ھێشتا باوەڕیان بەبوونی چانسی چارەسەری ئاشتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە، بەڵام لەوبارەیەوە پێویستە ھەندێک ھەنگاوی پێویست بنرێت.
مەحمود عەباس گوتیشی: "کاتی ئەوە ھاتووە کۆتایی بە داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بێت. ئیمە دەمانەوێت لە چوارچێوەی سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ رێککەوتن لەسەر چارەسەری دوو دەوڵەتی لەسەر بنەمای ئاشتی بکرێت کە ئیسرائیل فەڵەستین بناسێت و فەڵەستینیش ئیسرائیل بناسێت".
سەرۆکی فەڵەستین راشیگەیاند ئەگەر رێککەوتنێکی ئاشتی دەستەبەر بکەن، ئەوا بەو ھۆیەوە رێگە بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی وڵاتانی دیکەی ئیسلام لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەبێت.