Mümin Altaş,Mehmet Tosun
10 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2021
ئه‌نقه‌ره - AA
له هەشتا و سێیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی دامه‌زرێنه‌ری كۆماری توركیا، مسته‌فا ئه‌تاتورك رێوڕه‌سمێكی فەرمی له گۆڕی یاده‌وه‌ریی رێكخرا.
رێوڕه‌سمه‌كه كاتژمێر ٠٨:٤٥ به رێپێوانێك له رێگای ئهسڵانڵی-یه‌وه ده‌ستی پێ كرد.
له رێپێوانهکەدا كه به سه‌رۆكایه‌تی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ده‌ستی پێ كرد هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا، مسته‌فا شه‌نتۆپ و جێگری سهركۆمار، فوئاد ئۆكتای و ئه‌ندامانی كابینه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په، كه‌مال كڵچدارئۆغڵو و سه‌رۆكی گشتیی مه‌هه‌په، ده‌وله‌ت باخچه‌لی و سه‌رۆكی گشتیی ئییی پارتی، مه‌رال ئاكشه‌نه‌ر و سه‌رۆكی ئۆرگانه‌كانی دادگای باڵا و فه‌رمانده‌كانی سوپا و نوێنه‌رانی پارته سیاسییه‌كان و به‌رپرسانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت ئاماده بوون.
رەجەب تەیب ئه‌ردۆغان تاجەگوڵینەی له‌سه‌ر مه‌زاری ئه‌تاتورك دانا كه له گوڵی سوور و سپی دروستكرابوو.
له كاتژمێر ٠٩:٠٥ خوله‌كدا كه هەشتا و سێ ساڵ به‌رله ئێستا ئه‌تاتورك تیایدا كۆچی دوایی كردووه، ساتێك بۆ رێز وه‌ستان و پاشان مارشی سه‌ربه‌خۆیی لێدرا.
له كاتی وه‌ستانی رێزگرتندا، ئاڵای توركیا بۆ نیوه داگیرا و دواتر سه‌ركۆماری توركیا و به‌رپرسانی حكوومی ناو پرۆتۆكۆڵه‌كه چوونه كۆشكی پەیماننامەی میللی.
ئه‌ردۆغان تێنووسی تایبه‌تی مه‌زاری یاده‌وه‌ریی واژوو كرد و تیایدا نووسی: "ئەتاتورکی ئازیز لە هەشتا و سێیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئێوەدا، جارێكی دیكه به ره‌حمه‌ته‌وه یادتان ده‌كه‌ینه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كان به‌رده‌وامین له پێشخستن، گه‌شه‌پێدان و دروشانه‌وه‌ی ئه‌و كۆمارهمان كه داتانمه‌زراندووه و به ئێمه‌تان سپاردووه. به‌و سه‌ركه‌وتنه مێژووییانه‌ی له هه‌موو بواره‌كاندا به‌ده‌ستمان هێناوه به‌تایبه‌تی له بواره‌كانی په‌روه‌رده، ته‌ندروستی، ئه‌منیی و پیشه‌سازییدا پێداگرانه به‌رده‌وامین له‌سه‌ر ئامانجه‌كانمان به‌ره‌و ٢٠٢٣. هەرگیز رێگە نادەین یەکپارچەیی وڵاتەکەمان، مانەوەی دەوڵەتەکەمان، یەکێتیی، زیندوویی و بەها دێرینەکانی گەلە خانەدانەکەمان، بکرێتە ئامانج''.
به‌بۆنه‌ی رێوڕهسمهكهوه، رێوشوێنی ئه‌منیی توندوتۆڵ له ده‌ورووبه‌ری مه‌زاری یاده‌وه‌ریی گیرایه‌به‌ر.
دوابه دوای رێوره‌سمه‌كه‌ش مه‌زاره‌كه به‌ڕووی سه‌ردانكردنی گشتیی‌دا كرایه‌وه.