Mustafa Güngör
01 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2023
هاتای - AA
دوای ئەو بوومەلەرزە بەهێزانەی کە لە شەشی شوباتدا پارێزگای قەهرەمانمەڕەشیان هەژاند و زیانێکی زۆری گیانیی و ماڵییان لێکەوتەوە و باڵەخانەیەکی زۆر رووخان، مانەوەی شوێنەوارە مێژووییە لە بەرد دروستکراوەکانی قەزای بەلەن سەربە پارێزگای هاتای بە سەلامەتی، بووەتە جێی سەرنج.
بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی لە شەشی شوباتدا قەزاکانی پازارجیک و ئەلبیستانیان هەژاند، ژمارەیەکی زۆر باڵەخانە لە قەزای بەلەن سەربە پارێزگای هاتای رووخان یان زیانیان بەرکەوت.
ئەو مزگەوتەی لە ساڵی ١٥٥٣زایینیدا لەلایەن سوڵتان سولەیمانی قانونی-یەوە لەسەر رێگای ئاوریشم دروستکرا و ناوی خۆی لێنرا، لەگەڵ کۆشکی کاروانسەرا و گەرماو بەزیانێکی کەم لە کارەساتی بوومەلەرزەکە رزگاریان بوو.
مزگەوتی سوڵتان سولەیمانی قانونی کە تەمەنی ٤٧٠ ساڵە، ئەو بەشەی منارەکەی کە لەم دواییانەدا نۆژەنکرایەوە لەگەڵ هەندێ کاری گەچکاری کە ئەویش لەم دواییانەدا لە مزگەوتەکە کراوە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە کەمێک زیانیان بەرکەوتووە.
کڵێسای کاسۆلیکی دایکە مەریەم و خانەقاکەی کە لە ناوچەی سۆغوکۆڵوک کە لە ساڵی ١٩٢٠دا بنیاتنراوە، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.
هاووڵاتییەک بەناوی مستەفا ئۆکوز کە ماوەی ٤٠ ساڵە کاری شیرینی دەکات لە بەرامبەر مزگەوتی سوڵتان سولەیمانی قانونی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە قەزاکە لەدایک بووە و گەورە بووە، دایکیشی ماوەی ساڵانێکی زۆر خواردنی بۆ خوێندکارانی مزگەوتەکە ئامادەکردووە.
ئۆکوز باسی لەوە کرد کە لەو مزگەوتەدا، فێری خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز بووە و گوتی: ''ئێرە بەرگەی هەموو بوومەلەرزەکانی گرتووە. توندترینیشتانتان بینی، بەڵام ماشا اللە سەلامەتە. بەڵێ کەمێک زیان هەیە، بەڵام وەک خانووەکانمان نییە. ئەم مزگەوتە کە لەلایەن سوڵتان سولەیمانی قانونی-یەوە بنیاتنراوە''.
موختاری ناوچەکە، سولەیمان سۆنمەز باسی لەوە کرد کە هەستیان بە بەهێزی بوومەلەرزەکە کردووە و خێرا چوونەتە دەرەوە و ماڵەکانیان چۆڵکردووە.
سۆنمەز باسی لەوە کرد کە ساڵانێک بەرلە ئێستا لە خانەقاکەدا کاری نۆژەنکردنەوە ئەنجامدراوە و گوتی: ''لە هیچ شوێنێکیدا درز و شتی وا دروست نەبووە. ئەو پێکهاتە دێرینانە هەمیشە سەلامەتن. لە منداڵییەوە بیرمە کڵێساکە وەک خۆیەتی و هیچ شتێکی بەسەر نەهاتووە''.
سۆنمەز هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەم بینایە بە بەرد دروستکراوە و گوتی: ''نۆژەنکردنەوەیەکی زۆر جوانی بۆ کرا. ئەو وەستایەی کارەکەی کرد گوتی کە هیچ شتێک لێرە روونادات و گەرەنتی دەکەم. دەستەکانی خۆش بێت. تەنانەت درزیش دروست نەبووە''.