Mazın Asad
05 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم رایگەیاند کە بە بەھای ١٠ ملیار دۆلار، ئاو بە خاکی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو دەگەیەنن.
یڵدرم لە ناوەندی کولتووری جاھید ستقی لە دیاربەکر، گوتەیەکی لە "بەرنامەی ناساندنی ھەنگاوی پشتگیری وەبەرھێنان لە رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵات" پێشکەش کرد.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە بە درێژایی ھەزار و ٧٦٣ کلیۆمەتر رێگەی وشکانی، بە درێژایی دوو کلیۆمەتر دوو پرد و بە درێژایی ٧١ کلیۆمەتر ٢٨ تونێل دروست دەکەن. راشیگەیاند کە بۆ وەبەرھێنان لە رێگەی وشکانی، بە بەھای ٨ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن لیرە لە ناوچەکە خەرج دەکرێت.
یڵدرم روونیشیکردەوە: "بۆ ناوچەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو بە درێژایی ٤٢٥ کلیۆمەتر و بۆ ناوچەی رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو بە درێژایی ٤٥٦ کلیۆمەتر ھێڵی شەمەندەفەر دروست دەکرێت و ئاشکراشی کرد کە ئەو پرۆژانە بڕی ١١ ملیار لیرەی تێدەچێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا جەختیشی لەوە کردەوە کە تەرمیناڵی فڕۆکەخانەکانی وان، قاھرەمان مەڕەش، عەنتاب و مووش سەرلەنوێ نۆژەن دەکرێنەوە.
راشیگەیاند: "تۆڕەکانی ھێڵی مۆبایل لە شارەکانی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو فراوانتر دەکرێن و بۆ ئەوەیش ٤٠٠ ملیۆن لیرەیان تەرخان کردووە. ئەوەیشی خستەڕوو کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ئانادۆڵودا نزیکەی یەک ملیۆن مەترچوارگۆشە کە دەکاتە لەسەدا ٢٠ی خاکی ناوچەکە ئاودێری دەکەن. ئاشکراشی کرد کە لە ھەنگاوی دواتردا بە بڕی پێنج ملیار دۆلار پرۆژەی ئاودێری جێبەجێ دەکەن".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەیشدا کە ئاودێری لە ناوچە کشتوکاڵییەکان زیاد دەکەن و گوتیشی: "ھەرچەندە رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز ھەوڵی کاری تێکدەرانە دەدات، بەڵام بەنداوی سیلڤان دروست دەکەین".
یڵدرم لە بەشێکی قسەکانیدا ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی پرۆژەکانی ناوچەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو، نزیکەی یەک ملیۆن و سەد هەزار مەتری چوارگۆشە کە دەکاتە نزیکەی لە سەدا ٤٠ی خاکی ناوچەکە ئاودێری دەکەن و ئاشکراشی کرد کە ھەنگاوی دواتر بە بڕی پێنج ملیار و ٥٠٠ ملیۆن لیرە پرۆژەی ئاودێری ئەنجام دەدەن و گوتی: "بەم پێیەش لە چوار ساڵی داھاتوودا ھیچ ناوچەیەک بێ پرۆژەی ئاودێری نامێنێتەوە. بە بەھای ١٠ ملیار دۆلار ئاو بە خاکی رۆژھەڵاتى ئانادۆڵو باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو دەگەیەنین. بەو ھۆیەوە خێر و بەرەکەت لێرەدا دەبارێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا روونیشیکردەوە کە بڕی سێ ملیار لیرە بۆ پرۆژەی دروستکردنی بەنداو و دەریاچەکان لە ناوچەکە بۆ گڵدانەوەی ٧.٣ ھێکتامەتر ئاو خەرج دەکەن و نەشیشاردەوە کە بۆ پرۆژەی ئاوی خواردنەوەش ٧٠٠ ملیۆن لیرە خەرج دەکەن و گوتی: "خەرجی گشت پرۆژەکانی گەیاندن، وزە و ژێرخان ٢٧ ملیار لیرەیە".
راشیگەیاند کە پرۆژەی دروستکردنی ١٠٠ بنکەی تەندروستی تایبەت بە دەم و ددان لە شارەکانی ئادیامان، باتمان، دیاربەکر، عەنتاب، کلیس، سێرت، ئورفا، شرنەخ، ئاگری، ئارداھان، بینگۆل، بەدلیس، ئێلازغ، ئەرزینجان، ئەرزەڕۆم، ھەکاری، ئیدر، قەرس، مەڵاتیا، مووش، دێرسم، بایبورت و گوموشھانە بەشێوەیەکی خێرا ئەنجام دەدرێت.
یڵدرم ھاوکات ئەوەیشی خستەڕوو کە لە شارەکانی رۆژھەڵات و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵو بڕی ٢٨٠ ملیۆن لیرە بۆ کردنەوەی ٣٥١ بنکەی ژیانی بەتەندروست و بنکەی تەندروستی کۆمەڵ تەرخانکراوە و راشیگەیاند بێجگە لەوانە بە بڕی ٧٦٩ ملیۆن لیرە چەند بنکەیەکی دیکەی تەندروستی دەکەنەوە.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە پێداویستی شوقەکانی کارمەندانی تەندورستیان لەیاد نەکردووە و لەوبارەیەوە بە بڕی ٢٥٣ ملیۆن لیرە، سێ ھەزار و ٨٠٠ شوقە بۆ کارمەندانی تەندروستی لە ناوچەکە دروست دەکەن و ئاشکراشی کرد کە لە ھەنگاوی یەکەمدا بە بڕی ٣٥ ملیۆن لیرەش ئامێری پزیشکی رەوانەی ناوچەکە دەکەن.
یڵدرم لە کۆتایی قسەکانیدا روونیشیکردەوە کە بە بەھای ٤.٥ ملیار لیرە وەبەرھێنان لە کەرتی تەندروستی لە ناوچەکەدا دەکەن.