Lale Köklü Karagöz
06 کانوونی دووەم 2025•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2025
کلیس - AA
ئەو پەنابەرە سووریانەی دەیانەوێت لە تورکیاوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان، لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی جیلڤەگۆز، یایڵەداغ و زەیتنداڵیەوە بەردەوام دەگەڕێنەوە بۆ سووریا.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا کە ٦١ ساڵ ئەو وڵاتەی بەڕێوەبرد، گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ زێدی خۆیان کە لە میانی جەنگی ناوخۆی وڵاتەکەیاندا پەنایان بۆ تورکیا هێنابوو، لە ڕێگەی ئەو سێ دەروازە سنوورییەوە درێژەی هەیە.
ئەو پەنابەرە سوورییانەی ڕوویان لە دەروازەی سنووری ڕەیحانڵی کردووە، لەو ڕێڕەوەی جەندرمە دروستی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی گەڕانەوەیان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک، لە ڕیزدا وەستاون بۆ بەڕێوەچوونی ڕێکارەکانی گومرک بۆ گەڕانەوەیان.

پەنابەرانی سووریا لە دوای ڕێکارەکانی ناوەندی گەڕانەوەی کۆچبەران، دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆچی پارێزگاکەش هاوکارن لە گواستنەوەی کەلوپەلی ئاوارە سوورییەکاندا.
محەمەد نوور لەتوف ١٤ ساڵان کە ڕووی لە دەروازەی سنووری جیلڤەگۆز کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ سووریا، ئاماژەی بەوە کرد ماوەی نۆ ساڵە لە تورکیان و مامەڵەی زۆر باشیان لەگەڵ کراوە.
لاتوف باسی لەوە کرد کە تورکیایان زۆر خۆشدەوێت و ڕایگەیاند: "زمانێکی نوێ فێربووم. ئێستا لە وڵاتەکەمدا جەنگ کۆتاییهاتووە، دەگەڕێمەوە. ئەوێم نەبینیوە، تەمەنم شەش ساڵان بوو کە وڵاتمان جێهێشت".
هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی بوشرا نەجلا ٢٢ ساڵ، باسی لەوە کرد کە لەگەڵ دایکی و برا گەورەکەی گەڕاونەتەوە بۆ ئیدلب، لەبەرئەوە زۆر دڵخۆشن.
نەجلا باسی لەوە کرد کە خوشکە گەورەکەی لەودیو سنوور چاوەڕوانیان دەکات و، گوتی: ''سوپاس بۆ خودا جەنگ کۆتاییهات. زۆر سوپاسی تورکیا دەکەین. ئێوە کەسانی زۆر باشن".