Buket Güven
03 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری بەرگری تورکیا، خولوسی ئاکار لەبارەی کارەکانی دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمریکا، مارک ئێسپەر ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ئاکار و ئسێپەر، جەخت لەسەر رێگەنەدان بە دروستکردنی رێوڕەوێکی تیرۆریستی لە باشووری تورکیا کراوەتەوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە ئاکار لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە ئێسپەری راگەیاندووە "ئەگەر لەبارەی دروستکردنی ناوچەی ئارام/رێوڕەوی ئاشتی بە قوڵای ٣٠ کیلۆمەتر بە درێژای سنوور لە رۆژھەڵاتی فوڕات کە لە چەک و تیرۆریستان پاکرابێتەوە، دواخستن یان سەرقاڵکردن لە ئارادابێت ئەوا ئەم کارانە کۆتاییان پێ دێت و تورکیا لەمبارەیەوە زۆر پێداگرە".
ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، تورکیا داوای راگرتنی پشتیوانی و ناردنی چەک و تەقەمەنی لەلایەن ئەمریکا بۆ رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە کردووە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیادا ھاتووە: "ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا لەپاڵ ئارامی گەل و وڵاتەکەی، ئارامی کەمەنەتەوایەتی و ئاینییەکانی وەک کوردەکان، عەرەبەکان، ئاشوورییەکان، کریستیانی و ئێزیدییەکانی دەوێت. ئامانجی کۆتاییمان بریتییە لە لەناوبردنی داعش/پەکەکە/پەیەدە/یەپەگە و ھەرجۆرە رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە لە باکووری سووریا. ھاوکات باس لە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بەمەبەستی گەڕانەوەی برایانی سووری لە وڵاتەکەمان بۆ خاک و جێگەی خۆیان کراوە. لە پاڵ ئەمەش بەردەوامی گفتوگۆکان لەمبارەیەوە بەھۆی خواستی ئێمەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بە رێگەی ئاشتیانە لەگەڵ ھاوبەشی ستراتیژی و گونجاو لەگەڵ گیانی ھاوپەیمانێتی ناتۆ. ئاماژەدان بە ھەبوونی پلانی ئامادە پێویستە وەک ھەڕەشە لێک نەدرێتەوە".