Ramal Mahmood
06 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2016
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، ئیلکنور ئینجەگۆز:
- "با دەمیرتاش لە بیری نەچێت و باش بزانێت پەکەکە لە ریشەوە هەڵدەکێشرێت. جا لە شاخ بێت یان لە شار".
-" دەمانەوێت هەموو کەس بزانێت کە وەک چۆن دامودەزگاکانی دەوڵەتمان لە لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی پاککردەوە و بەردەوامیشین لە پاککردنەوە. بە هەمان شێوەش دامودەزگاکانی دەوڵەت لەو کەسانە پاکدەکەینەوە کە پشتگیری لە پەکەکە دەکەن".
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، ئیلکنور ئینجەگۆز لە بارەی لێدوانی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەڵاحەددین دەمیرتاش کە 'پەکەکەی بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم نەدابوو"، ئاماژەی بەوەدا کە هۆکارەکەی تەنگەتاوبوونی پەکەکەیە و گوتی: "دەمانەوێت هەموو کەس بزانێت کە وەک چۆن دامودەزگاکانی دەوڵەتمان لە لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی پاککردەوە و بەردەوامیشین لە پاککردنەوە. بە هەمان شێوەش دامودەزگاکانی دەوڵەت لەو کەسانە پاکدەکەینەوە کە پشتگیری لە پەکەکە دەکەن".
ئینجەگۆز، لە لێدوانیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بە لێدوانەکەی هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەڵاحەددین دەمیرتاش دا کە "پەکەکەی بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم نەدابوو" و گوتی: "لە گۆشەنیگای ئێمەوە، ئەوە ئاشکراکردنی شووناسی خۆیەتی".
ئینجەگۆز گوتیشی: "دەڵێن ئەم پارتە پشتی خۆی بە پەکەکە و پەیەدە قایم کردووە. لە کەناڵەکانی راگەیاندنەکانیانەوە پەیمانی ئەوە دەدەن کە پەیکەری سەرۆکی پەکەکە ئۆجەلان دادەنێن، هاوسەرۆکان و پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەم پارتە دەچنە پرسەی چەکدارە کوژراوەکانی پەکەکە. خۆیان بە پرسی لاوەکی و پڕوپووچی ئاوا سەرقاڵ دەکەن و پەکەکە بە تیرۆریست نازانن. دەمیرتاش خەون بەوەوە دەبینێت جەمیل بایک بە خەڵک بڵێت 'خۆتان ئامادە بکەن بۆ بەرخودان' و ببێتە جەنگی ناوخۆ. با ئەوە وەکو گوارە بکەنە گوێیان کە هەرگیز رێگە نادەین رووداوەکانی ٦-٨ تشرینی یەکەم دووبارە ببنەوە. وەک دیارە دەمیرتاش بۆ جارێکیش داوای لە پەکەکە نەکردووە چەکەکانی دابنێت، هۆکاری ئەم لێدوانە نابەرپرسانەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەکەکە تەنگەتاوبووە. با دەمیرتاش لە بیری نەچێت و باش بزانێت پەکەکە لە ریشەوە هەڵدەکێشرێت. جا لە شاخ بێت یان لە شار یان لە ناو دامودەزگاکانی دەوڵەت. دەمانەوێت هەموو کەس بزانێت، کە وەک چۆن دامودەزگاکانی دەوڵەتمان لە لایەنگرانی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی پاککردەوە، و بەردەوامیشین لە پاککردنەوە. بە هەمان شێوەش دامودەزگاکانی دەوڵەت لەو کەسانە پاکدەکەینەوە کە پشتگیری لە پەکەکە دەکەن".
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، ئیلکنور ئینجەگۆز، ئاماژەی بەوەش دا کە جیا لەوەش دەمیرتاش گوتویەتی دەستیکردووە بە مانگگرتن لە خواردن لەبەر ئۆجەلان، هەروەها گوتی: "وێڕای لێدوانی بەڕێز وەزیری داد لەو بارەیەوە، کەچی بابەتەکەیان کردە سیاسیی. خۆزگە هەمان هەستیاریشیان نیشان دەدا کاتێک پەکەکە هاووڵاتییانی دەکوشت. بەڵام بەداخەوە هەدەپە هیچ کاتێک هەستیار نەبووە بەرامبەر ئەو بابەتانە و هیچ کاتێک ئازاری ٧٩ ملیۆن هاووڵاتی ئەم وڵاتەی هەست پێ نەکردووە. هەدەپە بەناوی پارتێکی تورکیا دەستی کرد بە چالاکییەکانی، وەکو پارتی تیرۆریستیش بەردەوامە لە چالاکییەکانی".