Mesut Varol,Özkan Bilgin
17 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2023
وان - AA
لە پارێزگای وان، وەبەرهێن رەزان بایرام و کچەکەی ئیرەم بایرام کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی بەهای براندی "پەنیری گیایی" کە بە بەکارهێنانی گیای ئەندەمیک دروست دەکرێت کە لە ناوچە بەرزەکانی چیاکانی ناوچەکە گەشەدەکات.
لەو دامەزراوەیەی لە ناوەندی گەشەپێدانیی بازرگانیی دایانمەزراندووە، ئەو دایک و کچە لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێری ئەندازیارانی خۆراکدا دەستیان بە بەرهەمهێنانی پەنیری گیایی کردووە و توێژینەوەی AR-GE یان تەواو کردووە کە ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکەن بۆ بە براندکردنی ئەو پەنیرەی بەرهەمی دەهێنن.

رەزان بایرام و کچەکەی بەو پشتیوانیەی لە ئاکادیمیسیانیان وەرگرتووە، بە بەکارهێنانی جۆر و بڕی خوێ، گیای جیاوازیان تاقی کردووەتەوە و بەپێی ئەو ستانداردانەی دیارییان کردووە، دەستیان بە بەرهەمهێنانی پەنیر کردووە.

خێزانی بایرام کە لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێری ئەندازیارانی خۆراک گەشەیان بە کارەکەیان داوە و ئەو جۆرە تایبەتەی پەنیر بەرهەمدەهێنن، ئامانجیان ئەوەیە بە ناردنی بەرهەمەکەیان بۆ زۆرێک لە شارەکانی تورکیا و دەرەوەی وڵاتەکە، بەهای براندەکەیان بەرزبکەنەوە.

رەزان بایرام لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە دەیانەوێت پەنیری گیایی کە یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکانی وان بگەیەننە ئاستی شیاوی خۆی.
بایرام باسی لەوە کرد پەنیری گیایی دوای پرۆسەیەکی زۆر بەرهەمدەهێندرێت و گوتی: "بەو بیرۆکەوە دەستمان پێ کرد کە پەنیری گیای وان لەو ئاستەدا نییە کە شایەنێتی. لەبەرئەوە بە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە ویستمان ناسنامەیەک بۆ پەنیری گیای وان دەست بخەین. ئامانجێکمان دیاریکرد ئەویش گۆڕینی کارەکەیە بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتیی. ئێمە دەمانەوێت رێگا بۆ ئەو کەسانە بکەینەوە کە کار لەسەر پەنیر دەکەن، بە پێشکەشکردنی ئەو زانیاریانەی بەدەستمان هێناوە، کاری خانمانی ناوچەکە دەنرخێنین و پێکەوە کارەکە بەرەو پێش دەبەین''.
