Emre Ilıkan,Nevzat Umut Uzel
19 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2023
وان – AA
بە مەبەستی زیاتر ناساندنی ناوچەکە و راکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ ناوچەکە، "دووەم فێستیڤاڵی مەلەوانی لە دەریاچەی وان" دەستی پێ کرد.
فێستیڤاڵەکە لەلایەن گەورەشارەوانیی وان و کۆمەڵەی چالاکوانانی دەریاچەی وان بەڕێوەدەچێت و بۆ بەشداریکردن تیایدا، ٢٠٠ وەرزشوان لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە، قایسەری، مێرسین، ئادانا، ئیزمیر و بەدلیس روویان لە وان کردووە.
فێستیڤاڵەکە پێنج رۆژ دەخایەنێت و لە رۆژی یەکەمیشیدا بەشداربووان گەشتی ژێرئاوگەڕییان لەگەڵ ژێرئاوگەڕان ئەنجام دا.
سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کۆمەڵایەتیی و کولتووریی سەربە گەورەشارەوانیی وان، نوری بەکرئۆغڵو بە ئاماژەدان بەوەی کە بۆ پاکڕاگرتنی دەریاچەکە و زیاتر ناساندنی، چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن و گوتی: "لە میانی فێستیڤاڵەکەدا، چالاکی جۆراوجۆر لە دوورگەکانی دەریاچەکەیش ئەنجام دەدەین".
سەرۆکی کۆمەڵەی چالاکوانانی دەریاچەی وان، ئەردۆغان ئۆزەل داوای لە سەرجەم مەلەوانان کرد بێن و لە دەریاچەی وان مەلە بکەن، چونکە ئاوی دەریاچەکە شیفابەخشە و گوتی: "مەلەکردن لە دەریاچەکە مەترسیدار نییە و ماسیی و گیانلەبەرە دەریاییە دڕندەکانی تیادا نییە".