Durmuş Genç
19 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 20 تەمووز 2023
موغڵا – AA
لە کاتێکدا کارەکانی کنە و پشکنین لە شاری مێژوویی ئێرۆمۆوس کە سەدەی دووەمی پێش زایین بونیاد نراوە و دەکەوێتە سنووری کارگێڕیی ناوچەی سەلیمییە لە قەزای میلاس سەربە پارێزگای موغڵا بەردەوامن، پەرستگای زیۆس ڵەپسیۆنس نۆژەن دەکرێتەوە.
مامۆستا لە بەشی شوێنەوارناسیی کۆلێژی ئادابی زانکۆی ستقی کۆچمان/موغڵا و سەرۆکی لیژنەی کنە و پشکنینی شاری مێژوویی ئێرۆمۆوس، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئەبوزەر کزڵ بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ١٢ مانگە بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگای زیۆس ڵەپسیۆنس و گوتی: "تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە میراتی کولتووری وڵاتەکەمان و جیهانیش دەوڵەمەندتر دەکات. زۆربەی بەردەکانی پەرستگاکە رێک هاوشێوەی ئەو سەردەمەی پەرستگاکەی تیادا بونیاد نراوە داندراونەتەوە".
کزڵ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لەو شارە مێژووییەدا، گەرماوێکی سەردەمی رۆمانییەکانیشیان دۆزیووەتەوە و گوتی: "تەواوی شوێنەکانی گەرماوەکەمان دۆزیوونەتەوە، زۆربەی بە مۆزایک دەوردراوە. هەرچەند مۆزایکەکان باش نەپارێزراون، بەڵام لەنێویاندا نەخشونیگاری جیۆمەتری و ماسی ئەفسانەیی دەبیندرێت".
کزڵ راشیگەیاند کە بیر لە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژوویییەکانی ئاگۆرایش دەکەنەوە و گوتیشی: "بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەمان ئامادە کردووە و پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە. گرنگی ئەم شارە مێژوویییە لەوەدایە کە دەکەوێتە نزیک رێگای سەرەکی ناوچە گەشتیارییەکان، ئەمەیش رۆڵی دەبێت بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر روو لە ناوچەکە بکەن".