Ahmet Kaplan
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
دیاربه‌كر- AA
له میانی لێكۆڵینه‌وه‌كانی تایبه‌ت به دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واری مێژوویی له شارۆچكه‌ی سیلڤان سه‌ر به پارێزگای دیاربه‌كر، له گۆڕستانی له‌به‌رد هه‌ڵكه‌ندراوی باهچهكۆی دوو تابلۆی هه‌ڵكه‌ندراو دۆزرانه‌وه كه به‌زمانی سریانی له‌سه‌ریان نوسرابوو.
پڕۆفیسۆر دكتۆر عیرفان یڵدز، مامۆستای كۆلێژی په‌روه‌رده له زانكۆی دیجله و به ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی كولتوور و گه‌شتوگوزاری توركیا، ماوه‌ی 10 ساڵه له دیاربه‌كر و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری لێكۆڵینه‌وه له شوێنه‌واره مێژووییه‌كانی تایبه‌ت به چاخی به‌ردینی ناوه‌ڕاست و سه‌ده‌كانی دواتر ده‌كات.

ئه‌مجاره‌ش به هاوكاری قایمقامییه‌تی شارۆچكه‌ی سیلڤان له گۆڕستانی له به‌رد هه‌ڵكه‌ندراوی باهچهكۆی له باكووری خۆرهه‌ڵاتی ئه‌شكه‌وته‌كانی هاسونی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا و دوو تابلۆی دۆزییه‌وه كه به زمانی سریانی له‌سه‌ریان نوسراوه.
عیرفان یڵدز له میانی لێدوانێكیدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند سهركهشیشی كڵێسای كركلاری ماردین، گابرێل ئاكیوز تابلۆكانی شیكار كردووه و گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌م نوسینانه تایبه‌تن به كێلی سه‌ر گۆڕی سریانییه‌كان.
یڵدز باسی له‌وه‌شكرد ئه‌مه یه‌كه‌مجاره نووسراوی سریانی له‌ناو گۆڕستانێكی له‌به‌رد ههڵكهندراودا بدۆزرێته‌وه و گوتی: "زۆرینه‌ی سریانییهكانی توركیا له‌م ناوچه‌یه ده‌ژین. هیچ زانیارییه‌كمان له‌به‌رده‌ستدا نییه كه تا ئێستا له توركیا نووسراوی سریانی له هیچ گۆڕستانێكی له‌به‌رد ههڵكهندراودا دۆزرابێته‌وه. هه‌ربۆیه ده‌شێت ئه‌مه یه‌كه‌مین گۆڕستان بێت له توركیا كه به سریانی له‌سه‌ری نووسراوه".

عیرفان یڵدز باسی له‌وه‌ش كرد كه لێكۆڵینه‌وه‌كان له گۆڕستانه‌كه به‌رده‌وامن و تا ئێستا یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه ئایا ژووره‌كانی گۆڕستانه‌كه له سه‌رده‌می سریانییهكاندا دروستكراون یاخود مێژوویه‌كی كۆنتریان هه‌یه.
یڵدز ئاماژه‌ی به‌وه‌دا له لای ڕاست و چه‌پی گۆڕستانه‌كه‌دا گۆڕی بچووكتر هه‌ن، سریانییه‌كان كه‌سایه‌تییه ئاینی و گرنگه‌كانیان له ته‌نیشت یاخود له‌ژێر كڵێساكه‌دا ناشتوه و گوتی: "ئه‌و میحرابهی ده‌كه‌وێته به‌شی خۆرهه‌ڵاتی نووسراوه‌كه به‌شێوه‌ی بیناسازی كه‌وانه‌یی دروستكراوه و ڕۆڵی میحرابی گێڕاوه. هه‌ربۆیه پێمانوایه وه‌ك په‌رستگایه‌كی مه‌سیحییه‌كان یان كڵێسایه‌كی بچوك كه به‌شوێنێكی پیرۆز هه‌ژمارده‌كرێت، به‌كارهێندراوه. كاتێك ده‌گه‌ینه ئه‌م ئه‌نجامه ئه‌و پرسیاره به‌بیرماندا دێت كه "ئایا له سه‌رده‌می سریانییهكاندا گۆڕستانی له‌به‌رد هه‌ڵكه‌ندراو دروستكراوه؟ چونكه یه‌كه‌مجاره له گۆڕستانێكی وادا نووسراو ببینین. دۆزینه‌وه‌ی نووسینی سریانی له گۆڕستانێكی له‌به‌رد ههڵكهندراودا زانیارییه‌كی گرنگه بۆ ئێمه. له لێكۆڵینه‌وه‌كانماندا به‌رده‌وامده‌بین له گه‌ڕان به‌دوای زانیاری زیاتر".