Sarp Özer
15 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
دۆحە ــ AA
وەزیری بەرگریی توركیا، خولوسی ئاكار رایگەیاند كە وڵاتەكەی هیچ كێشەیەکی لەگەڵ كورد و پێكهاتەكانی دیكە لە سووریادا نییە و تێكۆشانی توركیاش لە سووریا تەنها دژبە رێكخراوە تیرۆریستییەكانە.
خولوسی ئاكار لە ١٩یەمین كۆڕبەندی دۆحە كە دوێنێ دەستیپێكرد گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "پابەندبوونی توركیا بە بەرنگاربوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی (داعش و پەپەگە/پەكەكە) نەگۆڕاوە".
وەزیری بەرگریی توركیا، خولوسی ئاكار گوتیشی: "جیهان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت كە لەمیانیدا مەترسی ئەو لایەیانەی كە هەڕەشەن بۆ سەر پەیوەندییەكانی نێودەوڵەتی زیادی كردووە".
خولوسی ئاكار ئاماژەی بەوەیشكرد كە گرووپە توندئاژۆكان تەنها زیان ناگەیەنن بەو وڵاتانەی كە تیایدا بوونیان هەیە، بەڵكو زیانەكان سەرجەم گەلانی جیهان دەگرێتەوە و گوتی:
"توركیا ئامادەی گفتوگۆ و هاوكارییە لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانەی كە خواستی بڵاوكردنەوەی ئاشتی و ئاسایش-یان هەیە لە جیهان".
وەزیری بەرگریی توركیا، خولوسی ئاكار گوتیشی: "توركیا بەهۆی تیرۆرەوە لەهەموو وڵاتانی جیهان زیاتر زیانی بەركەوتووە، هەروەها لەئێستادا توركیا رووبەڕووی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییانە بووەتەوە كە بەشێوەیەکی راستەوخۆ هەڕەشن بۆسەر ئاسایش و سەقامگیرییەكەی".
خولوسی ئاكار هەروەها رەخنەی لەو هاوپەیمانانەی توركیا گرت كە پاڵپشتی لە رێكخراوی تیرۆریستیی پەپەگە دەكەن و گوتی: "ئەو چەكانەی كە بۆ ئەو رێكخراوە دابینكراوە راستەوخۆ دەدەرێن بە تیرۆریستانی پەكەكە بۆ ئەوەی دژبە توركیا بەكاری بهێنن".
وەزیری بەرگریی توركیا، خولوسی ئاكار باسی لەوەیشكرد کە ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی كە سوپای وڵاتەكەی لە رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا ئەنجامداوە، ئامانج لێی گوڕینی دیموگرافیا یان داگیركردنی ئەو ناوچەیە نییە، هەروەها تۆمەتباركردنی توركیا بە داگیركردن یان هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەو ناوچەیە كارێكی هەڵەیە.
خولوسی ئاكار جەختی لەسەر ئەوەیشكردووە كە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی لەناوبردنی ئەو رێڕەوە تیرۆرەیە كە هەوڵدەدرێت لەو ناوچەیە دروست بكرێت، هەروەها بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامە بۆ گەڕانەوەی پەنابەرانی سووریا بۆ ناوچەكانیان.
لە كۆتاییدا وەزیری بەرگریی توركیا، خولوسی ئاكار ئاماژەی بەوەكرد كە هێزە هاوبەشەكان لەمیانی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی-دا، گرنگی زۆریان بەوە داوە كە زیان بەر خەڵكی مەدەنی و دامەزراوە گشتیی، شوێنەوارە مێژووییەكانی ناوچەكە نەكەوێت.