Özkan Bilgin
02 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2023
وان – AA
لە قۆناغی یەکەمدا، رووناکی بۆ ئەو تونێڵە داندرا کە لە تێپەڕگەی گوزەلدەرە لەسەر رێگای وان-هەکاری دروست کراوە و لە ٢٠١٥ەوە دەست کراوە بە بونیادنانی.
تێپەڕگەی گوزەلدەرە لەسەر رێگای وان و هەکاری بەهۆی لۆف و پێچە سەختەکانییەوە بە تایبەت لە وەرزی زستاندا چەندین رووداوی هاتوچۆی لێدەکەوتەوە و خەڵکانێکی زۆر گیانیان لەدەست دەدات و بریندار دەبوون. لە رێگای دروستکردنی ئەو تونێڵەوە، شۆفێران بەشێوەیەکی پارێزراو هاتوچۆ دەکەن و ماوەی تێپەڕین پیایدا لە ٤٥ خولەکەوە کەم دەبێتەوە بۆ پێنج خولەک. بەم جۆرە شۆفێران لەبری بەکارهێنانی لۆفە سەختەکان کە ٢٢ کیلۆمەترن ئەو تونێڵە دوو سایدییە بەکاردەهێنن کە درێژییەکەی سێ هەزار و ١٠٠ مەترە.

لەو میانەیەدا تیمە پەیوەندیدارەکان بەردەوامن لە کارەکانی دانانی رووناکی، رووپۆشکردنی دیوارەکان، فراوانکردنی رێگاکان، دانانی هەواگۆڕکێ و تەواوکردنی کارەکانی دیکە.
موختاری گەڕەکی گوزەلدەرە، ئایدن گەزگەن بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە لە رێگای تونێڵەکەوە یەکێک لە کێشە هەرە گەورەکانی ناوچەکە چارەسەر دەبێت و گوتی: "بە تەواوبوونی تونێڵەکە هەم گیانی شۆفێران و ئەوانەی لەگەڵیاندان سەلامەت دەبێت، هەم ماوەی رێگاکە کەم دەبێتەوە".

سەدرەدین ئەفە کە شۆفێرێکە لە باشکالە بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە هاتوچۆکردن بە لۆفە سەختەکاندا چەندین ساڵە کارەساتی لێ کەوتووەتەوە، گوتی: "تەواوکردنی ئەو تونێڵە زۆر بەسوود دەبێت و زۆرێک لە ناوچەکەیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە نزیک سنووریشە هاتوچۆیەکی زۆری بارهەڵگرەکان بەوێدایە. هیوادارین تا زووە تەواو بکرێت".
لای خۆیشیەوە شۆفێر نیهاد ئیبراهیمئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی کردنەوەی تونێڵەکەن.
