Mazın Asad
16 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2018
برۆکسل - AA
ناتۆ رایگەیاند گرنگی بە ئاسایشی تورکیا دەدەن و بەردەوامیش دەبن لە پشتیوانیکردنی ئاسایشی تورکیا لە چوارچێوەی ئەو ھەڵومەرجەی سەختەی ئێستا ھاتووەتە ئاراوە.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو بە ئاماژەکردن بە ھەوڵەکانی بە سوپاکردنی رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/پەکەکە "ئایا لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکان لە پێشێلکاریکردنی سنووری تورکیا، ناتۆ چ رێوشوێنێک دەگرێتەبەر؟" بەرپرسێکی ناتۆ رایگەیاند" "ناتۆ لە پشتیوانیکردنی ئاسایشی تورکیا بەردەوام دەبێت".
ئەو بەرپرسەی ناتۆ ئاماژەی بەوەش دا کە تورکیا ھاوپەیمانێکی زۆر بە نرخی ناتۆیە و گوتیشی: "ناتۆ لە ھاوکاریکردنی تورکیا لەبارەی ئەمنی بەردەوام دەبێت. لە بەرامبەر ئەگەری ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستیکی لە سووریاوە، بەرگری ئاسمانی تورکیامان بەھێز کرد و پەرەمان بە سیستەمی ئاسمانی ھۆشداری پێشوەختە لە خاکی تورکیا دا. ھاوکات چالاکییەکانمان لە پێداویستی سەربازیی لە بەشی رۆژھەڵاتی دەریای ئیجە زیاد کرد. گشت ئەمانە پەیوەستبوونی ناتۆ بەشێوەیەکی بەھێز بۆ بەرگری تورکیا نیشان دەدات".
بەرپرسەکەی ناتۆ ئەوەشی وەبیرھێنایە کە ناتۆ ئەندامێکی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشە و راشیگەیاند ناتۆ لە گۆڕەپانی سووریا چالاکی نییە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، رایگەیاند: "لێرەوە بەتایبەت سەرزەنشت کردنێکم بۆ ناتۆ ھەیە: ئەی ناتۆ، ئێوە بەرپرسیارن لەوەی ھەڵوێستتان ھەبێت کاتێک دەستدرێژیی و گێچەڵ بە سنوورەکانی ھەریەکێک لە ھاوبەشەکانتان دەکرێت. ئەی باشە ئێوە تا ئێستا چ جۆرە ھەڵوێستێکتان ھەبووە؟''.