Sarp Özer
13 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2023
ئەنقەرە – AA
سوپای تورکیا بەردەوامە لە کارەکانی وەک گەڕان و رزگارکردن، پشتیوانی ژیانیی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەو ناوچانەی لە ئاکامی ئەو بوومەلەرزانەی لە هەردوو شارۆچکەی پازارجک و ئەلبستان لە پارێزگای قەهرەمانمەڕەش روویان دا و ١٠ پارێزگای تورکیایان گرتەوە، زیانیان بەرکەوتووە.
لە دوای بوومەلەرزەکان لە کاتێکدا مێزی قەیرانی باری لەناکاوی کارەساتەکان کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێک هێندرا وەڵامی داواکارییەکانی دایەوە، هەروەها بە مەبەستی گەیاندنی تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن بۆ ناوچەکە "رێڕەوی هاوکاری" دەریایی و ئاسمانیی دروست کرا.
سوپای تورکیا کە لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە بۆ هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکان، هەروەها چێشتی گەرم و نان بەسەر هاووڵاتییانی زیانبەرکەتوودا دابەش دەکەن. لە ناوچە کارەساتبارەکان دەستیان کردووە بە چالاکییەکانی چێشتخانەی گەڕۆک، سەرئاو و گەرماوی گەڕۆک رەوانەی ئەو ناوچانە کراون.
سوپای تورکیا بەمەبەستی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بەشێوەیەکی خێرا بۆ ناوچە کارەساتبارەکان، ١٩ بنکەی هاوکاریی لۆجیستی لە هەشت پارێزگای تورکیا دروست کردووە، بەم جۆرە هاوکارییەکان پۆلین دەکرێن و دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ سهرۆكایهتی ئیدارهدانی كارهسات و باری لهناكاو (AFAD) بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی هاوکارییەکان دەگەیەندرێن بە هاووڵاتییانی زیانبەرکەوتوو.
لە لایەکی دیکەیشەوە دوو کیلۆمەتر لە فڕگەی فڕۆکەخانەی هاتای تەواو کرا کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی بەرکەوتبوو و نەدەتواندرا بەکار بهێندرێت.
فڕۆکەی "2 CASA"'ی سەربە فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکان بە هەڵگرتنی هاوکارییە مرۆییەکانەوە لە فڕۆکەخانەی هاتای نیشتەوە. دواتر هاوکارییە مرۆییەکان رەوانەی بنکەی هاوکاریی لۆجیستی کران لە سەربازگەی سەرینیۆڵ و لەوێوە بە هەماهەنگی لەگەڵ سهرۆكایهتی ئیدارهدانی كارهسات و باری لهناكاو (AFAD) بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی بۆ ناوچە کارەساتبارەکان رەوانە دەکرێن.