Mazın Asad
17 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2017
برۆکسل - AA
سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆلتنبێرگ داوای لێبووردنی لە تورکیا کرد بە ھۆی ئەو ئابڕووچوونەی لەمیانی مانۆڕی سەربازییەکەدا روویدا.
یانس ستۆلتنبێرگ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەبارەی بەو ئابڕووچوونەی کە لەمیانی مانۆڕی سەربازیی تریدنت جاڤڵن، بەھۆی نیشاندانی ئەتاتورک و رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک ئامانج درووستببوو.
سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند: "لەبارەی ئەو رووداوەی لە کاتی مانۆڕەکەی ناوەندی جەنگیی ھاوبەشی ناتۆ لە نەرویج روویدا زانیاریم پێ درا. بەھۆی ئەو ھەڵەیەوە داوای لێبوردن دەکەم. رووداوەکە بۆ رووداوێکی تاکەکەسی دەگەڕێتەوە و گوزارشت لە بیروڕای ناتۆ ناکات".
-"کارمەندی ناتۆ نییە"
ستۆلتنبێرگ ئاماژەی بەوە دا کە ئەو کارمەندەی کارەکەی ئەنجام دا، لەکارەکەی دوورخراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش لەبارەیەوە دەستی پێکردووە و گوتیشی: "ئەم کەسە کارمەندی ناتۆ نییە و لە لایەن نەرویجەوە وەک کارمەندێکی سڤیل بە گرێبەست دامەزراوە. لەومەودا ئەگەر سزایەک بەو کەسە بدرێت، ئەوا لە لایەن بەرپرسانی نەرویج دەدرێت".
سکرتێری گشتی ناتۆ گوتیشی: "تورکیا ھاوپەیمانێکی بەنرخی پەیمانی ناتۆیە و سوودێکی زۆر بۆ ئاسایشی پەیمانەکە ھەیە".
ھەر لەوبارەیەوە ئەمرۆ سەرکۆماری تورکیا کاردانەوەی توندی نیشان دا و گوتی: "دوێنێ لە نەرویج دۆخێک ھاتووەتە ئاراوە. لەو وڵاتە دیمەنێکیان بە ناوی وێنەی دوژمن داناوە. لەنێو وێنەکەدا لەلایەک وێنەی ئەتاتورک و لەلایەکی دیکە ناوی بەندە ھەیە. ئەمانە ئامانجن. کاتێک ئەم ھەواڵە گەیشت، سەرۆک ئەرکانی سوپا و وەزیری کاروباری یەکێتیی ئەورووپا لە حکوومەت، کە لەرێگە بوون بۆ کەنەدا، پەیوەندییان بە ئێمەوە کرد. گوتیان کە 'دۆخێکی بەمجۆرە ھەیە. ئەم مانۆڕەش مانۆڕی ناتۆیە. ٤٠ سەربازمان ھەیە لەو مانۆڕەدا، ئێمە بڕیاری کشاندنەوەی ئەو سەربازانەمان داوە و دەیانکشێنینەوە'. ئێمەش پێمان گوتن 'بەدڵنیاییەوە، ھیچ مەوەستن و دەستبەجێ بیانکشێننەوە. ئەگەر بێتو ئەو ئامانجانەش ھەڵبگیرێن، ئێوە ئەو ٤٠ سەربازەمان بەخێرایی بکشێننەوە'. ھاوپەیمانێتییەکی لەوشێوەیە و ھاوپەیمانبوونێکی لەو جۆرە رێگەی تێناچێت''.