Fakhradin Ibrahim Mohammad
04 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە.
لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو کۆبوویەوە.
لە خوانی بەیانی کە وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ شاندی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان رێکیخستبوو، دوو لایەن گفتوگۆیان لەبارەی پرسە پەیوەندیدارەکانی نێوان ھەر دوو لایەن کرد.
لە درێژەی سەردانەکەیدا، بڕیارە ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا رەجب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بکات.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاندووە کە سەرکۆمار ئەردۆغان کاتژمێر ١٤:٠٠ پێشوازی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دەکات.
دیدارەکە لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرەی پایتەخت بەڕێوە دەچێت و چاوەڕوان دەکرێت سەرکۆمار ئەردۆغان دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.
شاندی یاوەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی پێکھاتووە لە سەرۆکی دیوانی سەروکایەتی ھەرێمی کوردستان ، فەوزی ھەریری و بەڕێوەبەری ئۆفیسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کەریم شنگالی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و راوێژکاری باڵای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان. فەلاح مستەفا.

- ههرێمى كوردستان و توركيا جهخت له پتهوكردنى پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
ھەر لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمیدا ھاتووە کە لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان کراوەتەوە.
سەرۆکایەتی ھەرێم رایگەیاندووە، "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ھەینی ٤/٩/٢٠٢٠ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری لە ئەنقەرە لەگەڵ بەڕێز مەولوود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە.لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا و چۆنیەتیی پەرەپێدانی زیاتریان لە ھەموو بوراەکاندا بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا تاوتوێ کران و ھەردوولا جەختیان لە برەودانی زیاتر بە جموجووڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان کردەوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، "بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و کاریگەری و لێکەوتەکانی بەتایبەتی لەسەر بواری ئابووری لە ھەرێمی کوردستان و توکیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە بەڕێز وەزیری دەرەوەی تورکیا ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان نیشان دا بە پێشکەشکردن و ناردنی یارمەتی و پێداویستیی پزیشکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە".
بە پێی راگەیەندراوەکە، "پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، مەترسییەکانی داعش و بەرەنگاربوونەوەی، دوایین پێشھاتەکانی دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی ھەردوولا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە".
