Sangar Hamad Azeez
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2015
لە میانەی کۆبوونەوەی فڕاکسیۆنی ئاک پارتی لە پەرلەمانی تورکیا سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو باسی لە رۆژەڤەکانی ئێستا کرد.
ناوبراو تیشکی خستەسەر ناردنی سەرباز بۆ ناوچەی بەعشیقە لە مووسڵ و گوتی: "کەمپی بەعشیقە لە مووسڵ دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ و نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر لە شارەکە دوورە. لە کەمپەکەدا پێشمەرگە و عەرەب و تورکمان مەشق وردەگرن. ئەو کەمپە تازە نییە و ئەمەش تازە نییە کە سەربازمان ناردووەتە ناوچەکە. نزیکەی ساڵێک و نیوە ئەو کەمپە دامەزراوە و سەربازەکانیشمان نزیکەی ساڵێک دەبێت لەو کەمپە وانەی سەربازی دەڵێنەوە".
ئەحمەد داودئۆغڵو تیشکی خستەسەر ئەوەی کە تاکو ئێستا زیاد لە دوو هەزار کەس لەو کەمپە مەشقی پێ کراوە و گوتی: "هەر وەک بەڕێز مەسعوود بارزانیش باسی لێوە کرد، زۆربەی ئەو پێشمەرگانەی کە لە رزگارکردنی شنگال بەشدار بوون لەو کەمپە مەشقیان وەرگرتووە. هێزەکانی ئێمە بەتایبەتی بۆ راهێنانی عەرەب و تورکمان و کوردەکانی هەرێمی کوردستان لەو ناوچەیەن. لەگەڵ عێراق و حکوومەتی خۆجێی مووسڵ قسەمان کردبوو کە هێز بۆ ئازادکردنی مووسڵ بنێرین هەروەها هەموو کات ئامادەین کە یارمەتی سوپای عێراق بدەین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دا".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا باسی لەوە کرد کە گەلی عێراق دوچاری مەینەتی زۆر بوونەتەوە و تورکیا ئەوەی لە توانایدا بێت دەیکات بۆ ئەوەی سەقامگیر بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە و گوتیشی: "بابەتی هێنانی سەرباز بۆ مووسڵ تەنیا بریتی بوو لە نۆبەتگۆڕین و بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە لە مەترسی هەڕەشەی داعش. ئەو سەربازە تورکانەی کە لە بەعشیقە مەشق دەدەن، زۆر نزیکن لە سنووری داعش و ئەگەر هەیە داعش پەلاماریان بدات، بۆ پارێزگاری سەربازەکانمان سەربازی زیاترمان بۆ ناوچەکە نارد. ئەوەی لێکدانەوەی جیاواز بۆ بابەتەکە بکات ئەوە مەبەستی گێرەشێوێنییە. ئەو شەوە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری تورکیا زانیارییان بە وەزیرە هاوتاکانی عێراق داوە. هەروەها خۆشم پەیامێکم بۆ بەڕێز عەبادی نارد. ئیشەڵڵا لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزیری بەرگری سەردانی عێراق دەکات، ئێمە ئامادەین یارمەتی سەربازیی عێراق بدەین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە کۆتاییدا گوتی: "لێرەوە داوا لە گەلی عێراق دەکەم، هەمووکات لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە پشتی ئێوەین. هەر مەزهەبێک بێت. هەر نەتەوەیەک بێت تەواوی گەلی عێراق برای ئێمەن و هەرواش دەمێننەوە. لێرەوە ئیدانەی ئەو گوتانە دەکەم کە باس لەوە دەکەن ئێمە بە ناردنی سەرباز هەوڵی داگیرکردنی مووسڵ دەدەین. تورکیا تەنیا دەیەوێت ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە".