Muhammet Ali Kemal
27 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2016
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، مەهمەت شیمشەک لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی سی ئێن ئێن تورکدا ژمارەیەک لێدوانی سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دا.
- ''تورکیا دەیەوێت لاپەرەیەکی نوێ لەگەڵ رووسیادا هەڵبداتەوە''
شیمشەک ئاماژەی بەوەکرد کە دوێنێ لە رووسیا ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوەی دوور و درێژیان ئەنجامداوە و رووسیا نیازپاکی و هەڵوێستێکی پشتیوانیی ئێجگار باشی نیشانداوە، جەختیشیکردەوە لەوەی کە پرۆسەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات خێرایی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.
مەهمەت شیمشەک ئاشکرای کرد، تورکیا لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ رووسیادا دەکاتەوە و رایگەیاند: ''ئامانجی لەپێشینەمان بەخێرایی گەڕانەوەیە بۆ پێش ٢٤ی تشرینی دووەم. لایەنی رووسی و ئێمەش جەختمان لەوەکردەوە کە 'ئەوەندە بەس نییە'. رووسیا دراوسێیەکی زۆر گرنگی ئێمەیە. سەرەڕای بوونی هەڵکشان و داکشان لەپەیوەندییەکانماندا لەگەڵ رووسیادا، ئەو وڵاتە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی ئێمەیە بەبڕی ٣٤ بۆ ٣٥ ملیار دۆلار. لەئێستادا بەهۆی دابەزینی نرخی کاڵاکان و قەیرانی فڕۆکەکەوە ئەو بڕە کەمێک دابەزیوە''.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان ئاماژەی بەوەکرد کە سەبارەت بە گەشتەکانی ئاسمانی چارتەر رووسیا داوای متمانەی کردووە و تورکیاش ئەو متمانەیەی دەستەبەرکردووە.
باسی لەوەیش کرد بۆ ئەوەی بە چاوی خۆیان رێوشوێنە ئەمنییەکان ببینن بەرپرسانی رووسیایان بانگهێشتی تورکیا کردووە و باوەڕیشی وایە ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت. گوتیشی: "هەناردەکردنی میوە و سەوزە و مریشک بۆ رووسیا خێرا دەبێتەوە بەڵام ئەم بابەتە کەمێک ئاڵۆزە".
جەختیشی لەوەیشکردەوە کە بە رووسیایان گوتووە پێویستە ئەو یاساغانەی لەدوای قەیرانی فڕۆکەکەوە بەسەر تورکیادا لەبواری بەڵێندەرایەتیدا سەپێنراون بەتەواوەتی هەڵبگیرێن و باسیان لە ئاساییکردنەوەی رێکاری ڤیزە لەبەرامبەر هاووڵاتییانی تورکیادا کردووە.
شیمشەک دووپاتیکردەووە کە ئەوان ئامادەییان تێدایە سەبارەت بە پرۆژەی تەوژمی تورکیا لەگەڵ رووسیادا گفتوگۆ بکەن و رایگەیاند: ''ژمارەیەک لە بڕیارەکان بۆ سەرکردەکان دەمێننەوە. بە سەرکردایەتی سەرکۆمارمان لە گفتوگۆیەکی زۆر بنیاتنەرانەداین لەگەڵ دراوسێکانماندا لەچوارچێوەی سیاسەتێکی دەرەوە کە بەرژەوەندییەکانمان تێیدا کاری لەپێشینەن''.