Aybala Arpacı,Muhammet Ali Kemal
09 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
لە چواڕچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە بۆسەر پێگەکانی تیرۆریستان لە باکووری سووریا درێژەی ھەیە، فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە ھێزی ئاسمانیی تورکیا، ٢٣ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەھەریەک لە بزاعە، سوفلانییە، زەممار، عەمیا بۆردومان و خاپوور کرد. لە ئەنجامیشدا ٤٨ تیرۆریستی داعش کوژران.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لە باکووری سووریا درێژەی ھەیە، ٤٨ تیرۆریستی داعش کوژران و ٢٣ پێگەی رێکخراوەکە خاپوورکران.
بەپێی ئەو زانیارییەی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ەوە بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوور لە باکووری سووریا دەستی پێکردووە، درێژەی ھەیە.
لە ١٣٩ەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، گرووپەکانی ھێزی ئەرکی تایبەت کە لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پێکھاتوون، بەپشتیوانی بۆردومانی چڕی ئاسمانیی و زەمینی، بەردەوامن لەسەر جێبەجێکردنی پلانی دەستبەسەرداگرتنی ئەلباب.
لەو چوارچێوەیەشدا ٢٤٦ شوێنی حەوانەوە، سەکۆی بەرگریی، ناوەندی فەرمانداریی، چەک و ئۆتۆمبیلی چەکدارانی داعش کە پێشتر دیاریی کرابوون کرانە ئامانج و لەناوبران.
لە چواڕچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە ھێزی ئاسمانیی تورکیا ٢٣ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەھەریەک لە بزاعە، سوفلانییە، زەممار، عەمیا بۆردومان و خاپوور کرد کە پێکھاتبوون لە ١٠ پێگەی بەرگریی، ٣ بارەگا و ١٠ شوێنی حەوانەوە.
ھاوکات لەئەنجامی ھێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکاندا بەدرێژایی رۆژ، ٤٨ تیرۆریستی داعش کوژران.
لەلایەکی دیکەوە ٣ بۆمبی دەستکرد لەلایەن ئەو تیمانەوە پووچەڵکراونەتەوە کە پشتیوانیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا ٢ ھەزار و ٨٢٠ بۆمبی دەستکرد پووچەڵکراونەتەوە و ٤٣ مین بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، تەقێنراونەتەوە.