Ferdi Türkten
17 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2023
ئەنقەرە - AA
لە ئۆپەراسیۆنێکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا (MİT) لە شاری کۆبانێی باکووری سووریا، یەکێک لە بەناو بەرپرسانی سووریای رێکخراوی تیرۆریستی پارتی کۆمۆنیستی مارکسیست لینینیست (MLKP) و داواکراوی لیستی سوور بەناوی عوسمان نووری ئۆجاکلیی لە چالاکی خرا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەرگیراون، ئۆجاکلی کە ناوی خوازروی "یڵماز بەحراڕەش" بووە، لە تورکیا فەرمانی ئەنجامدانی چەندین کردەی تیرۆریستی بەناوی (MLKP)ەوە دەرکردووە و سەرپەرشتی چەندین کردەی تیرۆریستیشی کردووە کە دیارترینیان هێرشکردنە سەر بەندینخانەی بورسا بوو.
هەروەها لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/کەجەکە پلانی چەندین پەلاماری بۆسەر هێزە ئەمنییەکان لە سووریا و تورکیا داناوە، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا بۆماوەیەک ناوبراوی خستە ژێر چاودێرییەوە و دواتر لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە شاری کۆبانێ لە سووریا لە چالاکیی خست.
بەناو بەرپرسی سووریای (MLKP)، زەکی گوربووز کە ناوی خوازراوی "ئەحمەد شۆڕەش" بوو، لە ئۆپەراسیۆنێکی میتدا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا لە چالاکی خرا و دوای ئەویش لە چالاکی خستنی ئۆجاکلی، دوو گورزی کوشندە بوون بۆسەر رێکخراوەکە.
- ئۆجاکلی لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەستی بە چالاکی کردووە
تیرۆریست عوسمان نووری ئۆجاکلی، لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە لە ریزەکانی تورکیای (MLKP) دەستی بە چالاکی کردووە.
ئۆجاکلی پەیوەندی نزیکی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە هەبووە لە ساڵی ٢٠١٤دا چووەتە قەندیل و لە ساڵی ٢٠١٥دا چووەتە شارۆچکەی رەسولەین لە سووریا و بەردەوامی بە چالاکییە تیرۆریستییەکانی داوە.
لە ساڵی ٢٠١٨دا بەشێوەی نایاسایی لە نێوان سووریا و تورکیا هاتوچۆی کردووە و کەسێکی نزیکی بەناو بەرپرسی پێشووی سووریای رێکخراوەکە، بایرام ناماز (باران) بووە و سێیەم کەسی (MLKP) بووە لە سووریا.
دوای لە چالاکی خستنی ناماز لە ساڵی ٢٠١٩دا زەکی گوربووز بووەتە بەناو بەرپرسی سووریای رێکخراوەکە و ئۆجاکلی بووەتە یاریدەدەری گوربووز، لە ساڵی رابردووشەوە تا ئێستا ئۆجاکلی بەناو بەرپرسی (MLKP) بووە لە شاری کۆبانێ.