Aydın Arik
17 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2023
دیاربەکر - AA
باوکان کە لە بەردەم لقی دیاربەکری هەدەپە بە ئومێدی شادبوونەوەیان بە منداڵەکانیان کە بۆ چیا رفێندراون، بەردەوامن لە ئێشکگرتن، وەک دیاریی "رۆژی باوک" داوا دەکەن بە منداڵەکانیان شادبنەوە.
لە سێی ئەیلوولی ٢٠١٩وە خانەوادەی رفێندراوان لە دیاربەکر مانگرتنیان دەست پێ کردووە و ماوەی هەزار و ٣٨٤ رۆژە بەردەوامن لە ئێشکگریکردن.
دایک و باوکان کە لە بەردەم لقی دیاربەکری هەدەپە بەردەوامن لە ئێشکگرتن و وێنەی منداڵەکانیان بەدەستەوەیە، چاوەڕێی ئەوەن مژدەی گەڕانەوەی منداڵەکانیان پێ بدرێت.
ئەو باوکانەی کە لە مانگرتنەکەدا بەشدارن و پێیان ناوەتە رۆژێکی دیکەی باوکانەوە، سوورن لە بەردەوامیدان بە مانگرتن تا ئەو کاتەی بە منداڵەکانیان شاد دەبنەوە.
نورەددین ئۆدوملو کە لە سیرت'ەوە هاتووە و بۆ شادبوونەوە بە یوسف'ی کوڕی کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر رفێندرا بۆ شاخ، بەشداریی لە مانگرتنەکەدا کردووە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئەوان بە پێداگرییەوە بەردەوامن لە مانگرتن.
ئۆدوملو جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامی دەدەن بە ئێشکگرتن تا ئەو کاتەی بە منداڵەکانیان شاد دەبنەوە و رایگەیاند، گەورەترین دیاری کە پێی دەدرێت، شادبوونەوەیەتی بە کوڕەکەی.
گوتیشی: "رۆژی باوک لە هەموو باوکێک پیرۆز بێت، ئێمە رۆژی باوکمان نییە، من ١٠ ساڵە دوورم لە کوڕەکەم، تەنانەت بیر لە رۆژی باوکیش ناکەمەوە، جوانترین دیاری بۆ ئێمە لە رۆژی باوکدا منداڵەکەمانن. منداڵەکانمانمان دەوێتەوە".
- "خۆشترین رۆژمان ئەو رۆژەیە کە منداڵەکانمان دەگەڕێنەوە لامان"
حاجی گوگەر کە بۆ دۆغان'ی کوڕی کە هەشت ساڵ لەمەوبەر لە دیاربەکرەوە فریودرا و برایە چیا، بەشداریی لە چالاکییەکەدا دەکات ئاماژەی بەوە دا کە جوانترین دیاری بۆ دایک و باوکان ئەو رۆژەیە کە بە منداڵەکانیان شاد دەبنەوە، گوتیشی: "ئێمە تەنها دەمانەوێت منداڵەکانمان بگەڕێنەوە. خەون بە لەباوەشگرتنی منداڵەکانمانەوە دەبینین".
گوگەر هەروەها داوای لە کوڕەکەی کرد خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات.