Kaan Bozdoğan,Muhammet Ali Kemal
29 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2017
ئیستانبوڵ - AA
لە هەریەک لە ناوچەکانی ئارناڤوتکۆی و ئەسەنیورت لە ئیستانبوڵ، هێزەکانی پۆلیس دوو شانەی داعشیان لەناوبرد.
لە راگەیەنراوێکدا کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستانبوڵەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە رۆژی پێشتر لە دوو خانووی جیاوازدا لە هەریەک لە ئارناڤوتکۆی و ئەسەنکۆی، ئاگر کەوتووەتەوە و لە ئەنجامی پشکنینی هۆبەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمبەکان و هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، ماددەی کیمیایی، ساچمەی کانزایی، بزمار، کۆنترۆڵ، بزوێنەر، سێرکتی کارەبایی، وایەر و پیل کە سەرجەمیان لە درووستکردنی بۆمبی دەستکرددا بەکاردەهێنرێن، دۆزرانەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا و بە مەبەستی لەناوبردنی ئەو دوو خانەیەی داعش و دەستگیرکردنی تیرۆریستەکان، تیمەکانی هەواڵگریی سەربە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش ئۆتۆمبیلێک و ماتۆڕسکیلێکی ئەو کەسانەیان لە گەراجی کراوەی مۆڵێکدا لە ناوچەی بایرامپاشا دەستبەسەردا گرت کە پێشتر لەو ماڵانەدا نیشتەجێبوون، ئەوەش زانرا ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراو بووە. هەر دوێنێ کاتژمێر ١٦:٠٠ تیمەکان توانییان چوار تیرۆریستی داعش دەستگیربکەن کە یەکێکیان بریندارە و بەو شێوەیەش ئەو دوو خانەیەی داعش تەفروتوناکران.
هاوکات لە پشکنینی ئەو ئۆتۆمبیل و ماتۆرسکیلەی دەستی بەسەردا گیراوە، بۆمبی دەستکردی لە دوورەوە کۆنترۆڵکراو، کۆڵەپشتی بۆمبڕێژکراو، یەلەکی خۆ تەقاندنەوە، دوو تفەنگ و ژمارەیەک فیشەک دەستیان بەسەردا گیراوە. لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.