Aziz Aslan
13 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
دیاربەکر - AA
لە پارێزگای دیاربەکر و ١٠ پارێزگای دیکە ئۆپەراسیۆن بۆسەر "هاککەران" ئەنجامدرا و ٢٠ گومانلێکراو دەستگیرکران.
تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ئەلیکترۆنیی سەربە بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی دیاربەکر، لێکۆڵینەوەیان لەو پێشێلکارییانە کرد کە لە ماوەی رابردوودا لە سیستمی کۆمپانیاکاندا روویانداوە.
لەو چوارچێوەیەشدا تیمەکان ٢٠ گومانلێکراویان ئاشکرا کرد و بۆ دەستگیرکردنیان لە دیاربەکر و ١٠ پارێزگای دیکە ئۆپەراسیۆنی هاوکاتیان ئەنجامدا و لە ئاکامدا هەر ٢٠ گومانلێکراوەکە دەستگیرکران و لە میانی پشکنینی ماڵەکانیشیاندا ژمارەیەکی زۆر مۆبایل و کۆمپیوتەر دەستیان بەسەردا گیرا.
ئەو گومانلێکراوانەی کە لە پارێزگاکانی دیکە دەستبەسەرکرابوون بە فڕۆکە هێندرانە دیاربەکر و رێکارەکانیش لەگەڵیان بەردەوامن.
- ئەو زانیارییانەی بەدەستیان هێناوە فرۆشتویانە بە ساختەکاران
سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەوەیان خستووەتەڕوو کە گومانلێکراوەکان بەتایبەت ئەو بەرپرسە باڵایانەیان کردووەتە ئامانج کە دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە، لەڕێی ئەو پۆستە ئەلیکترۆنییە ساختانەی کە بۆیان ناردوون توانیویانە هاکیان بکەن و دەست بگرن بەسەر زانیارییەکانی تایبەت بە ناسنامە، ناونیشان و کارتی بانکییاندا، دواتریش ئەم زانیارییانەیان فرۆشتووە بەو کەسانەی کاری ساختەکاری دەکەن.