Behlül Çetinkaya,Muhammet İkbal Arslan
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە تورکیا ئامادەی دیپلۆماسییەتە لەگەڵ یۆناندا و گوتی: ''ئەو وڵاتەی متمانەی بە خۆی هەیە دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت، دەبێت لە دیپلۆماسییەتدا چالاک بێت و بەهێز بەرگریی لە تێزەکانی بکات''.
مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی بەشداریکردنی لە مێزی سەرنووسەرانی ئاژانسی ئانادۆڵو هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو سەبارەت بە هاوپەیمانی ١٨ی ئادار کە لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا کرا رایگەیاند ''رەوایەتی ئەو رێککەوتنە بەسەرنەچووە، بەڵام دەبێت نوێ بکرێتەوە چونکە کێشەکە بەردەوامە. یەکێتیی ئەورووپا بەرپرسیارێتییەکانی بەجێنەگەیاندووە، بەڵام ئێمە بەجێمان گەیاندووە''.
مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی گرژییەکانی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گوتی: ''زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا زۆر باش لە داوا رەواکانی تورکیا تێدەگەن. تەنانەت سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام پێیانوایە لە رووی یاساییەوە تورکیا لەبارەی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، لەبارەی مێیس و لەبارەی بەناو نەخشەی سێڤیلیا ماف بە تورکیایە، هەروەها لەسەر داخوازی بۆ مێیس سەبارەت بە قەڵەمڕەوی یاسایی ماف بە تورکیایە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها سەبارەت بە هێرشکردنە سەر ئاڵای یۆنان لە دوورگەی مێیس گوتی: ''ئەو هەستیاریەی بەرامبەر ئاڵای خۆمان نیشانی دەدەین، دەبێت بەرامبەر ئاڵای کەسانی دیکەش نیشانی بدەین''.