Sangar Hamad Azeez
02 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە -AA
سەرۆکایەتی پزیشکی دادی وەزارەتی دادی تورکیا، رەگەزنامەی ٣٨ لەو کەسانەی کە لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی شەوی سەری ساڵی شاری ئیستانبوڵ گیانیان لەدەستدا، ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە بەرپرسانی وەزارەتی داد دەستیان خستووە، لە کۆی ٣٩ کوژراو رەگەزنامەی ٣٨ کوژراوی پەلامارەکەی یانەیەکی شەوانە لە ئیستانبوڵ ئاشکرا بووە.
بە گوێرەی زانیارییەکانیش تەرمی ١٣ قوربانی کە ١١ی تورک، یەکێکی عێراقی و یەکێکیش کە هەڵگری رەگەزنامەی تورکیا و بەلجیکا بووە رادەستی خانەوادەکانیان کراونەتەوە.
دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکانیش لە پزیشکی دادی، تەرمی ٢٥ کوژراوەکەی دی کە هەموویان بیانین رادەستی خانەوادەکانیان دەکرێنەوە.
لەناو قوربانییەکاندا هاووڵاتی سعوودی، لوبنانی، تونسی، هیندستانی، مەغریبی، ئوردنی، عێراقی و کوێتی هەن.
راگەیەنرا کە کارەکان بەردەوامە بۆ دیاریکردنی رەگەزنامەی ئەو کوژراوەی کە تاوەکو ئێستا دیار نییە هاووڵاتی چ وڵاتێکە.