AA
24 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
ئایدن - AA
ساڵی رابردوو، تورکیا ٦٠ ھەزار تۆن ھەنجیری وشککراوی ھەناردەی دەرەوە کردووە.
ھەنجیری وشککراو کە پارێزگای ئایدن رۆژئاوای تورکیا پێی دەناسرێتەوە و لەو پارێزگایە بەزۆری بەرھەم دێت، رەواجێکی زۆری لەسەرە بەتایبەت لە دەرەوەی تورکیا، بنەماڵە و خانەوادەی شاکانیش لە جیھاندا ئارەزووی زۆریان لەسەر ھەنجیری وشککراوی ئایدن ھەیە.
سفرەی خانەوادەی شاکان لە چەندین وڵاتی جیهان بە ھەنجیری وشککراوی ئایدن دەڕازێنرێتەوە و چێژ و تامی ھەنجیرەکەش ھۆکارە بۆ ئەمە.
ھەر یەک کیلۆگرام لە ھەنجیری وشککراو، دوو ھەزار و ٩٠٠ کالۆریی تیادایە، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەرھەمھێنانی ھەردوو ڤیتامینی E و B لە لەشی مرۆڤدا.
پارێزگای ئایدن ساڵانە ٦٠ ھەزار تۆن ھەنجیری وشککراو بەرھەم دەھێنێت، نزیکەی ٤٠ ھەزار تۆنی لێ ھەناردەی دەرەوە دەکات.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکی یەکێتی "تاریش" بۆ بەرھەمھێنانی ھەنجیر، مستەفا برجان دەڵێت "تورکیا لە ریزبەندی یەکەمدایە لە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی ھەنجیری وشککراو".
مستەفا برجان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات کە لە ساڵی رابردوودا، ھەنجیری وشککراوی تورکیا بۆ ٣٥ وڵات ھەناردەکراوە و داھاتەکەشی ١٠ ملیۆن دۆلار بووە.
سەرۆکی یەکێتی "تاریش" بۆ بەرھەمھێنانی ھەنجیر، مستەفا برجان ئەوەشی روونکردەوە کە خانەوادەی شاکان لە وڵاتانی بەلجیکا، ھۆڵەندا، بەریتانیا و مەغریب ٢٠ تۆن ھەنجیری ھەناردەکراوی تورکیایان لە ساڵی رابردوودا کڕیوە.