Kaan Bozdoğan,Rabia Düzgün
16 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 16 مای,س 2023
ئیستانبوڵ – AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند لە میانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانییدا لە سەرتاسەری وڵاتدا، ٣٢١ رووداو روویان داوە.
سولەیمان سۆیڵو کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکان لە بازنەی ئیستانبوڵ توانیوویەتی بە پەرلەمانتار هەڵببژێردرێت، یەکەمین سەردانی دوای هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری بۆ بارەگای ناوچەی ئەسەنلەر-ی ئاک پارتی لە ئیستانبوڵ ئەنجام دا و رایگەیاند کە هاوپەیمانی "جمهور" توانیوویەتی زۆرینە بەدەست بهێنێتەوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو ئاماژەی بەوە دا، دەنگدەرانی تورکیا لەسەر سندوقەکان وەڵامی ئەوانەیان دایەوە کە بڕیاری پێشوەختەیان دەدا لەبارەی دیموکراسییەت و یاسا سەروەری لە تورکیا و گوتی: "لەم رێگەیەوە بە وڵاتانی جیهانمان گوت دەست لەکاروباری ئێمە وەرمەدەن، ئێمە ئەو وڵاتەین کە لە بەرزترین ئاستدا بە کردەیی دیموکراسی و یاسا سەروەری لە ژیانماندا رەنگی داوەتەوە. ئێوە سەرقاڵی کاری خۆتان بن".
سولەیمان سۆیڵو جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی و ئاماژەی بەوە دا کە هاوشێوەی ١٤ی ئایار بە گەرموگوڕییەوە بەشداری لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی لە ٢٨ی ئایاردا دەکەن.
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو رایگەیاند لە میانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانییدا لە سەرتاسەری وڵاتدا، ٣٢١ رووداو روویان داوە و گوتی: "لە هەڵبژاردنی رابردوودا، ٣٥٦ رووداو روویان دابوو، ئەمەیش بەو واتایە دێت کە رووداوی کەمتر روویان داوە و هەڵبژاردنەکە لە کەشێکی ئارامتردا بەڕێوە چووە. بەم هۆیەوە سوپاسی تەواوی لایەنە سیاسییەکان، گەلەکەمان و بە تایبەت هێزە ئەمنییەکان دەکەم".