Kübra Ağaçyetiştiren
20 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا، ئامانجەکانی تیرۆریستانی جوداخواز لە ناوچەکانی خواکورک، قەندیل و گارە پێکران و توانرا ١٤ پێگەی تیرۆریستان لە ناو ببرێن.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، زانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی لە باکووری عێراق بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لەوەی "هێزی ئاسمانیمان، ١٤ ئامانجی ڕێکخراوی تیرۆریستی جوداخوازی لە ناوچەکانی گارە، خواکورک و قەندیل لە باکووی عێراق بە توندی بۆردومان کرد"، هاتووە:
"لەسەر بنەمای ٥١مین ماددەی ڕێکەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی بەرگری ڕەوا و بە مەبەستی ئاسایشی گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکان لەهەر چەشنە کردەوەیەکی تیرۆریستی، ڕۆژی ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، کاتژمێر ١٩:٠٠، ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە ناوچەکانی خواکورک، گارە و قەندیل لە باکووری عێراق کراوەتەوە سەر تیرۆریستانی پەکەکە/کەجەکە. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کە کەڵک لە چەک و تەقەمەنی دەستکردی ناوخۆیی وەرگیراوە، ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگە و کۆگای تیرۆریستان کە بەرپرسە باڵاکانیشی تێدا بووە، بە گشتی ١٤ ئامانج لەناو بران و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریستیش لە چالاکی خراون".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە، "هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە لە هەناوی گەلە ڕەسەنەکەمان هەڵقوڵاوە، وەک لە ڕابردوو، ئێستاش بۆ مانەوە و ئاسایشی گەلەکەمان و وڵاتەکەمان، هەتا مانەوەی دوایین تیرۆریست بە پێداگرییەوە لەسەر خەباتەکەی بەردەوام دەبێت".
لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەخت لەوەش کراوەتەوە کە "لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، بۆ پاراستنی مافی خەڵکی سڤیل، کەسانی دۆست و شوێنە مێژووی و کولتوورییەکان و ژینگە لە هەرچەشنە زیانێک، ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر".