Sangar Hamad Azeez
24 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو وێڕای ئاماژەدان بەوەی لە رۆژی هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزەوە تا ئێستا ٩٩٥ کەس وەک پەنابەر روویان لە یۆنان کردووە گوتی: ''ئێمە ئارەزووی ئەوە ناکەین کە یۆنان ببێتە بنکەیەکی پەنابردن بۆ فەتۆچییەکان''.
دوا بەدوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو وهاوتا یۆنانییەکەی نیکۆس کاشیاس، هەردوو وەزیر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.
چاوشئۆغڵو ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە لە شەوی هەوڵە کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز هەشت سەربازی تورکیا بەرەو یۆنان رایانکرد و گوتی: "بەداخەوە دادگای یۆنان ئەو هەشت کەسەی رەوانە نەکردەوە . ئەو کارە بە تەواوی دڵی شکاندین. لەبەر ئەوەی یۆنان یەکێکە لەو وڵاتانەی مێژوویەکی رەشی هەیە لەگەڵ کودەتا. هەر بۆیە ئێمە چاوەڕێ بووین یۆنان لەژێر رۆشنایی دەستوور و یاساکانی وڵاتەکەی ئەو کەسانەمان رادەست بکاتەوە. بەڵام بەداخەوە ئەوەی چاوەڕێی بووین رووینەدا. لەلایەکی دیکەش دوو سەرباز کە هەوڵی کوشتنی سەرکۆمارمانیان دابوو ئەوانیش بەرەو یۆنان رایانکردبوو. و داوای ئەوانیشمان لە یۆنان کردەوە".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "هەم هەشت ناپاک و هەم ئەو دوو کەسەی کە هەوڵی کوشتنی سەرکۆماریان دا بەرەو یۆنان رایانکرد. لەو کاتەی کە رایانکرد، ئێمە ناوبەناو لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان بە بەرێز نیکۆسەوە دەکرد. جیالەمەش ئێمە ژمارەیەکمان لەبەردەستە. بەم پێیەش تاوەکو ئێستا ٩٩٥ ناپاکی سەر بە رێکخراوی فەتۆ بەرەو یۆنان رایانکردووە. دەبێت لێکۆلینەوە لەگەڵ یەکە یەکەیان بکرێت. یۆنان کە هاوسنوورمانە ئارەزوو ناکەین ببێتە مۆڵگەیەکی دوژمنەکانمان. هەربۆیەش داوایان لێدەکەین لەژێر رۆشنایی دەستوور و یاساکانی وڵاتەکەیان ئەو کەسانەمان رادەستبکەنەوە".