Abdullah Shukur
11 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2018
پەرلەمانی تورکیا - AA
پەرلەمانی تورکیا مافی ئەندامێتی پەرلەمانی لە پەرلەمانتاری ھەدەپە لە بازنەی ئاگری، لەیلا زانا سەندەوە بەھۆی دەوام نەکردنی پێویست.
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نور باخچەکەپلی لە دانیشتنی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند کە پەرلەمانتاری ھەدەپە لە بازنەی ئاگری، لەیلا زانا بەھۆی دەوام نەکردنی پێویست لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ تا ٣٠ی نیسانی ٢٠١٧ بەشداری لە ٢١٢ دانیشتنی پەرلەمانی نەکردووە و بەم ھۆیەشەوە و بەپێی ماددەی ٨٤ی دەستووری تورکیا، دەنگدان لەسەر راپۆرتی لێژنەی هاوبەشی ھەردوو لێژنەی دادپەروەری و دەستوور و بڕیاری سەرۆکایەتی دیوان لەمبارەیەوە ئەنجام درا.
لێسەندنەوەی مافی ئەندامێتی پەرلەمانی لە پەرلەمانتاری ھەدەپە لە بازنەی ئاگری، لەیلا زانا بەھۆی دەوام نەکردنی پێویست لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ تا ٣٠ی نیسانی ٢٠١٧ کە بەشداری لە ٢١٢ دانیشتنی پەرلەمانی نەکردووە، خرایە دەنگدانەوە.
پاشانیش بە زۆرینەی دەنگی زیاتر لە ٢٧٦ پەرلەمانتار بڕیار لەسەر لێ سەندنەوەی مافی ئەندامێتی پەرلەمانی لە پەرلەمانتاری ھەدەپە لە بازنەی ئاگری، لەیلا زانا درا.
ئەمە لە کاتێکدا کە ٣٢٤ پەرلەمانتار بەشداری دانیشتنەکەیان کرد و بە ٣٠٢ دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر ٢٢ دەنگی نەخێر بڕیارەکە دەرکرا.
لە دوای ئەمەش بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نور باخچەکەپلی بڕیاری لێ سەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە لەیلا زانا راگەیاند.