Abdullah Shukur
18 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، تێرێزا مەی ئەنجامدا و تێدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵیەکان و پرسی قودس و دواپێشھاتەکان کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆمار وەرگیراون، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان ئەردۆغان و مەی ئەنجامدراوە.
لە گفتوگۆیەکەدا ھەردوو سەرۆکەکە خۆشحاڵی خۆیان دەربڕیوە لەمەڕ بەھێزکردنی ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوو وڵات، بەتایبەتی لە بواری پیشەسازی بەرگریدا.
لە گفتوگۆیەکەدا باس لەوە کراوە کە بڕیاری ئەمڕیکا لەبارەی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ شاری قودس جێگەی نیگەرانییە لە ناوچەکەدا.
ھەردوو سەرۆک جەختیان لەوەش کردەوە کە چارەسەریی دوو دەوڵەتی لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین چارەسەرێکی ژیرانەیە و پێویستە ئەمەش لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە درکی پێ بکرێ.
لە گفتوگۆیەکەدا باس لە بەکارھێنانی مافی ڤیتۆ لەلایەن ئەمریکا لەسەر پڕۆژە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندیدار بە قودس کرا.
ھەردوو سەرۆک ئاماژەیان بەوە دا کە دەبێ خۆ بەدوور بگیرێ لەو ھەنگاوانەی کە ئاشتی ناوچەکە دەخەنە مەترسییەوە، لە پاڵ ئەمەش لە گفتوگۆیەکەدا ھەردوو سەرۆکەکە رێککەوتن لەسەر زیاتر بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی تورکیا و بەریتانیا.