Mazın Asad
25 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2017
ئەنتاڵیا - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی دوێنێی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: "بەڕێز سەرکۆمار بەشێوەیەکی روون ئەمەی بە بەڕێز ترەمپ گەیاندووە و چاوەڕوانییەکانیشمانی باس کردووە. بەڕێز ترەمپیش گوتوویەتی 'بەڕاشکاوی دەڵێم رێنماییشم داوە لەمەودوا چەکیان نادەینێ'".
چاوشئۆغڵو لە دوای کۆنگرەی لقی ئاکپارتی لە شارۆچکەی کەمەر لە ئەنتاڵیا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی پەیوەندی تەلەفۆنی دوێنێی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، چاوشئۆغڵو رایگەیاند تورکیا لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ پرسی سووریا رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت و لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان لەسەر خەتە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش دا کە ماوەی ساڵێکە لەگەڵ رووسیا و دواتر بە بەشداریکردنی ئێران، میکانیزمێکی سێ قۆڵی لەبارەی سووریا پێکھێنراوە و لەو چوارچێوەی ھەنگاوی گرنگی نراوە. ناوبراو راشیگەیاند لەو چوارچێوەیەدا تا رادەیەکی زۆر پێکدادانی ناوچەکە کەمی کردووەتەوە، بەڵام بە نەبوونی چارەسەری سیاسی، ئەستەمە درێژە بەمە بدرێت.
مەولود چاوشئۆغڵو لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند کە تورکیا بێجگە لە میکانیزمی سێ قۆڵی بۆ پرسی سووریا، کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکانیش ئەنجام دەدات و گوتیشی: "لەبارەی سووریا لەگەڵ سەرکردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان لە پەیوەندیداین. لەبارەی ئەم قۆناغەوە زانیاریان پێ دەدەین. ئێمە نامانەوێ کەسانێک پەراوێز بخرێن، بەڵکو دەمانەوێ بە پشتیوانی هەموو لایەک پڕۆسەکە مەشروعیەت وەربگرێ. لەبەرئەمە بەڕێز سەرکۆمار لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکان پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجام دەدا. بەهەمان شێوە لە سەر داواکاری ئەوان زانیاری دەدەینە یەکێتیی ئەورووپا. کەس ناخەینە دەرەوەی سیستەمەکە. بەڵام لێرە وەک بەهێزترین وڵاتی ناوچەکە لەگەڵ عێراق و سووریا بە درێژایی هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە هاوسنوورین، تورکیا کاریگەرترین کاراکتەرە و رۆڵی هەرە بونیادنەر دەگێڕێ. تاکە ئامانجی ئێمە ئەوەیە خوێنڕشتن بوەستێ، کێشەکان بە رێگاچارەی سیاسیی چارەسەر بکرێن و دیسانەوە یەکپارچەیی خاکی ئەو دوو وڵاتە بەدی بێتەوە. تیرۆریستان لەو وڵاتانە نەمێننەوە. چونکە ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر ئێمەش".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەی ئەو چەکدارانەی یەپەگە کە لە سنوور دەپەڕنەوە دیارە و بەڵگەش لەبەردەستە کە ئەو چەکانەی دراویانەتێ گەیشتوونەتە دەست پەکەکە، گوتیشی: "لەبەرئەمە بەڕێز سەرکۆمار بەشێوەیەکی روون ئەمەی بە بەڕێز ترەمپ گەیاندووە و چاوەڕوانییەکانیشمانی باس کردووە. بەڕێز ترەمپیش گوتوویەتی 'بەڕاشکاوی دەڵێم رێنماییشم داوە لەمەودوا چەکیان نادەینێ'. لە قۆناغی دواتری قسەکانیاندا بەڕێز ترەمپ بە بەڕێز سەرکۆماری راگەیاندووە کە چەکیان نادەنێ و گوتوویەتی 'رێنمایی دەدەمە راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی و خۆی ئەو قسانەشمان ئەوان دەیخوێننەوە و نامەوێ چەکیان بدرێتێ. لە راستیدا پێویست بوو ئەم شتە هیچە زووتر تەواو بووایە. بەدڵنياییەوە دەمانەوێ ئەمە بە کردەییش ببینین. چونکە وڵاتێکی وەک ئەمریکا پێویست ناکا لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی وڵاتێک کار بکات".