Kosar OSMAN
14 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2016
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیربی لەبارەی رووداوەکانی باکووری حەلەبەوە دوا و نیگەرانیی خۆی دەربڕی. هەروەها بانگەوازی لە هێزە کوردییەکانی ناوچەکە بەتایبەتی یەپەگە کرد کە بە سوود وەرگرتن لە لایەنەکانی دەرەوە خاکی زیاتر کۆنترۆڵ نەکەن.
کیربی لە راگەیەنراوێکدا بارودۆخی تۆپبارانەکانی تورکیا و پێشهاتەکانی شارۆچکەی عەزاز و دەوروبەری هەڵسەنگاند و گوتی: "نیگەرانین بۆ ئەو رووداوانەی لە باکووری حەلەب، لە شارۆچکەی عەزاز روویانداوە. هەروەها بە مەبەستی هێور کردنەوەی رەوشەکە چیی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین و لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا کار دەکەین. ئێمە بانگەوازمان لە پەیەگە کردووە کە بە سوود وەرگرتن لە هێزە دەرەکییەکان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پانتایی زیاتر نەدات".
کیربی هەروەها گوتی کە بانگەوازیان لە تورکیاش کردووە بۆ وەستاندنی ئەو تۆپبارانەی لە سەر سنووری تورکیا-سووریا دەستی پێکردووە.
ناوبراو بەمجۆرە درێژەی بە گوتەکانی دا: "هەنووکە تورکیا و یەپەگە لە راڕەوی باشووری عەزاز مەترسییەکی هاوبەشیان هەیە کە داعشە. جا داوا دەکەین هەموو لایەنەکان توانای خۆیان دژ بەو مەترسییە چر بکەنەوە. هەروەها پابەندی ئەو خاڵانە بن کە لە میونیخ ورووژێنران. ئەویش وەستاندنی هێرش و پەلامارەکانی ئەم ماوەیەن".