Tevfik Durul
11 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2019
ئەنقەرە – AA
وەزيرى دەرەوەى توركيا، مەولود چاوشئۆغڵو، دەربارەى هەڕەشەكانى سەرۆكى ئەمريكا لەسەر سزاى ئابوورى بۆ سهر وڵاتهكهی گوتى: "ئێمە بێباكين لە هەڕەشەكانى سزاى ئابوورى، ئەم بابەتە بابەتى مانەوەى ئێمەيە، دەبێت لە بەرامبەر تێرۆردا پێشوەخت خۆمان ئامادەبكەين".
چاوشئۆغڵو لە بەرنامەيەكى كەناڵى سى ئێن ئێن تورك-دا دەربارەى ئۆپەراسيۆنى كانى ئاشتى لە باشوورى توركيا كە بۆ ڕێگريگرتن لە دروستكردنى رێڕەوى تێرۆر و چەسپاندنى ئاشتى و ئارامى لە ناوچەكەدا قسەى كرد.
مەولود چاوشئۆغڵو، وەڵامى ئەو ڕەخنانەى دايەوە كە ئەمريكا و يەكێتى ئەورووپا و چەند وڵاتێكى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست باسى لێوەدەكەن سەبارەت بە دووبارە سەرهەڵدانەوەى داعش و دروستبوونى كارەساتێكى مرۆيى لە ناوچەكەدا. جەختى لەوەش كردەوە كە هيچ وڵاتێك وەك توركيا و سەركۆمار رەجەب تەيب ئەردۆغان كارگەرييان نەبووە لە رووبەڕووبوونەوەى داعش-دا.
وەزيرى دەرەوەی توركیا دووپاتى كردەوە كە بەڵگەى لەناوبردنى داعش لە دۆخى ناوچەكانى ئۆپەراسيۆنى قەڵغانى فورات و عەفرين بە ديدەكرێت و لهم بارهیهوه گوتي: "ئەوان بيانوو بۆ كۆتايهێنانى ئۆپەراسيۆنەكە يان دژ وەستانهوهی دەهێننەوە".
- "ئەم مافەمان سەرچاوەكەى مافە نێودەوڵەتييەكانە"
چاوشئۆغڵو، باسى لەوە كرد كە وڵاتانى وەكو ئەمريكا، فەڕەنسا و ئيسرائيل بە بەكارهێنانى ڕێكخراوى تێرۆريستى يەپەگە/پەكەكە كاريان لەسەر دابهشكردنى سووريا كردوە و لهم بارهیهوه گوتى: "ئێمە ئەو مافانە بەكار دەهێنين کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەستمان هێناوە. بۆ لە ناوبردن و پاككردنەوەى تێرۆريستان دەچينە خاكى سوورياوە".
مەولود چاوشئۆغڵو، ئاماژەى بەوە كرد كە بە گوێرەى ڕێككەوتنەكەى ئادانا، لە ئەگەرى ئەوەى رژێمى سووريا كارى پێويستی نەكرد بۆ لە ناوبردنى تێرۆريستان ئەوە توركيا مافى خۆيەتى بچێتە ناو خاكى ئەو وڵاتە و تێرۆريستەكان لەناو بەرێت. دووپاتيشى كردەوە كە ئەوان پێش ئۆپەراسيۆنەكە وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتييەكان و كۆنسوڵگەرى گشتى ڕژێمى سووريا لە ئيستەنبوڵ-یان ئاگادار كردۆتەوە.
وەزيرى دەرەوەی توركیا چاوشئۆغڵو، لە بەرامبەر هەڕشە ئابوورييەكانى سەرۆكى ئەمريكا، دۆناڵد ترەمپ گوتى: "ترەمپ، بايەخى توركيا دەزانێت، زۆر باشيش دەزانێت پەكەكە چييە بەڵام لە ناو ئيدارەى ئەمريكادا فشارى جۆراو جۆر بوونى هەيە. سەرجەميان وەك هاوپەيمانى ئەم ڕێكخراوە تێرۆريستييە دەركەوتن. لە ناويشياندا سێناتۆرى كۆمارى ليندسى گراهام".
- "خەمى سەرەكى توركيا نييە"
مەولود چاوشئۆغڵو، لە شيكردنەوەى هەڵوێستى گراهام-دا گوتى: "خەمى سەرەكى گراهام توركيا نييە. بۆ ئەمان ئەگەر يەپەگە/پەكەكە نەمێنى ئەوە ئێران دێت، رووسيا دێت ياخود رژێم دێت، هەر سێكيشيان يەكن. گراهام وا بيردەكاتەوە ئەگەر يەپەگە بمێنێتەوە ئەو هێزانە ناتوانن بچنە ناوچەكە. هيچ شتێكيان پێناكرێت بەم هەڕەشانە".
چاوشئۆغڵو، دووپاتيكردەوە كە بابەتەكە پەيوەستە بە ئاسايشى نەتەوەيى توركيا و بەردەوامبوو لە سەر باسەكە:
"كێ دەيەوێت هەڕەشەى ئابوورى بكات با بيكات، ئەم بابەتە بابەتى مانەوەى گەلەكەمانە. لەم باسەدا بۆ داهاتووى نيشتمانمان، نەتەوەمان، دهوڵەتمان چى پێويست بێت دەيكەين. لەم ماوەيەدا ئەوەمان بينى كە هاوپەيمانەكانيشمان مەيليان بە لاى پشتگيركردنى تێرۆرەوەيە. پشتگيرى هاوپەيمانێكى وەك توركيا ناكات. ئەو ماناى ئەوە دەگەێنێت ئەگەر هاتوو لە داهاتوودا توركيا كارەساتێكى گەورەترى بەسەر هات ئەوە ئەوانە هاوكارى نابن. ئێمە ناچارين بۆ بەڕەنگاربوونەوەى تێرۆر خۆمان ئامادەكارى بۆ خۆمان بكەين".
وەزيرى دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو، باسى لە وەڵامدانەوى توركيا كرد بۆ هەر هەنگاوێك لە دژى ئابوورى وڵاتەكەى كرد و ئەو وڵاتانەى كە ڕەخنە لە ئۆپەراسيۆنەكە دەگرن بەوە وەسف كرد كە دۆستايەتييان لە دەستداوە.
لە كۆتا وەڵامى پرسيارەكاندا چاوشئۆغڵو، جەختى لەسەر ئاسايىبوونەوەى پەيوەندييەكانيانى كرد لەگەڵ سووريا لە ئەگەرى دەستپێكردنى پرۆسەى نوێى سياسى كە كۆميتەى نووسينەوەى دەستوور ڕۆڵى تێدا هەبێت و لەسەر بنەماى يەكپارچەيى خاكى سووريا كاربكرێت و گوتى: "ئەمڕۆ بەشار ئەسەد، ناتوانێت دۆخى سووريا ئاسايى بكاتەوە، هەروەها ناتوانێت پەيوەندييەكانى سووريا لەگەڵ هيچ لايەك ئاسايى بكاتەوە. ئەسەد، پاش بە كوشتدانى ئەو ژمارە زۆر سوورييە نابێتە ئەو كەسەى كە سووريا يەكبخات. باسى چى لەگەڵ كەسێك بكەيت كە يەك مليۆن ئينسانى بە كوشتداوە؟"