Muhammet Ali Kemal
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2016
ئورفا لە شارانەیە کە میوانداریی لە زۆرترین پەنابەری سووریی کردووە، بەجۆرێک ژمارەی خوێندکارە سوورییەکان لەو پارێزگایە زیاترە لە ژمارەی خوێندکارانی ٢٠ پارێزگا پێکەوە.
ئورفا یەکێکە لە قەرەباڵغترین شارەکانی تورکیا و ٦١٤ هەزار خوێندکاری هەیە، بە جۆرێک تەنها ئەو ژمارەیە زیاترە لە ژمارەی دانیشتوانی چەندین پارێزگا، لەپاڵ ئەمەشدا ٥٥ هەزار منداڵی سووری لەو پارێزگایە دەخوێنن.
منداڵە سوورییەکان کە بەباشترین شێوە میوانداریی کراون لە شارەکە، بەسەر ٥٠ خوێندنگەدا دابەشبوون و درێژە بە خوێندنیان دەدەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی پارێزگای ئورفا، مەتین ئیلجی، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەدوای هاتنی سوورییەکانەوە بۆ تورکیا لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەدواوە، زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هاووڵاتیی سووری لە ئورفا ماونەتەوە.
ئیلجی ئاماژەی بەوەشکرد کە بەشێکی زۆری ئەو پەنابەرانە منداڵن و لەوانەش ١٨٠ هەزاریان لە تەمەنی خوێندندان، جەختی لەوەشکردەوە کە هەوڵیان داوە لەبواری پەروەردە و فێرکردندا خزمەت بە منداڵە سوورییەکان بکەن.
مەتین ئیلجی باسی لەوەکرد کە لەدوای ئیستانبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیرەوە زۆرترین خوێندکار لە ئورفان و رایگەیاند:
''ئێمە تەواوی هەوڵەکانمان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو خوێندکارانە سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە و فێرکردن و درێژە بەو پرۆسەیە بدەن. تا ئێستا ٥٥ هەزار لەو منداڵانە خوێندگەیان بۆ دابینکراوە. ئەمانە لە ناوەندە کاتییەکانی فێرکردن یان لەو شوێنانەی لێی دەمێننەوە، دەخوێنن. ئەو ژمارەیە ژمارەیەکی زۆرە. ژمارەی خوێندکارە سوورییەکانمان زۆر لە ژمارەی خوێندکارەکانی هەندێک لە پارێزگاکان زیاترە. ئەمە جگە لەوەی خۆشمان ژمارەیەکی زۆر خوێندکارمان هەیە''.