Fahrettin İbrahim
26 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2018
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی ئەو هەڕەشانەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەی مایک پێنسی دایەوە کە رایانگەیاندبوو، لە ئەگەری ئازادنەکردنی قەشەی ئەمریکی ئاندرێو برونسۆن سزا بەسەر تورکیادا دەسەپێنن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا حامی ئاکسۆی لە وەڵامی هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمریکا دژ بە تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە "کەس ناتوانێ فەرمان بە تورکیا بکات و ھەڕەشە بکات".
حامی ئاکسۆی جەختی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا لەسەر بنەمای دەوڵەتێکی یاسایی و سەربەخۆیی دادەوەری دامەزراوە و رایگەیاند: " داوا لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکەین کە هەر چی زووە واز لە زمانی هەڕەشە بێنن و رێگەی چارەسەری دیالۆگ بگرنە بەر".
ترەمپ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندبوو "ئەمریکا بەھۆی دەستگیرکردنی قەشە ئاندرێو برونسۆن کە پاوێکی کریستیانی گەورە و باوکی خێزانێکی شاھانەیە، ئەوا سزای قورس بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت. پێویستە ئەم پیاوە باوەڕدارە بێ تاوانە دەستبەجێ رزگار بکرێ".
لە پاڵ ئەمەش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پێنس لە ساتی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی وەزارەتی دەرەوە ھەمان گوتەی ھەڕەشەئامێزی ئاراستەی تورکیا کردبوو. پێنس رایگەیاندبوو "ئەگەر تورکیا دەستبەجێ قەشە ئاندرێو برونسۆن ئازاد نەکات و رەوانەی ماڵەکەی خۆی لە ئەمریکا نەکات ئەوا ئەمریکا تا رزگارکردنی ئەو پیاوە باوەڕدارە بێ تاوانە گەماڕۆی گرنگ بەسەر تورکیا دەسەپێنێت".
تورکیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان و کاری سیخوری بۆ ھەردوو رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ و پەکەکە قەشەیەکی ئەمریکی بە ناوی ئاندرێو برونسۆنی دەستگیر کرد و داوای سزای زیندانی ٣٥ ساڵ بۆ ناوبراو دەکرێ.
ھاوکات دوێنێ بەھۆی خراپی دۆخی تەندروستی ناوبراو لە زیندانی گشتییەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی نێو ماڵ.