Mazın Asad
18 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان شاندەکانی تورکیا و ئەمریکا لە ئەنقەرە لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەی دوولایەنەی ڤیزە لە نێوان ئەمریکا و تورکیا، بریار درا بە درێژەدان بە کۆبوونەوەکان لە پێناو گەڕانەوەی پرسی پێدانی ڤیزا بۆ باری ئاسایی خۆی بە زووترین کات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە دیبلۆماسییەکان دەست کەوتوون، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی ئەمریکا لەگەڵ جێگرانی راوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە بەشداری نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و دادی تورکیا، بریار درا بە درێژەدان بە کۆبوونەوەکان لە پێناو گەڕانەوەی پرسی پێدانی ڤیزە بۆ باری ئاسایی خۆی بە زووترین کات.
لە کۆبوونەوەکاندا ئاماژە بەوە کراوە کە تاوتوێی پێکھێنانی کۆمیتەی کاری ھاوبەش لەبارەی بابەتەکانی دادوەری و ئەمنی لە نێوان ھەردوو وڵات کراوە.
سەبارەت بە کێشەی دوولایەنەی ڤیزە لە نێوان ئەمریکا و تورکیا، پێشتریش گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاندبوو ''دۆخەکە بەرەو خاڵێکی باش دەڕوات. وردەکارییەکان لە ماوەی چەند رۆژێکدا روون دەبێتەوە. ئەو شاندەی هاتوونەتە ئێرە بە دڵنیاییەوە بۆچوونی ئێمە دەبەنەوە بۆ واشنتۆن و دەیگەیەننە سەرووی خۆیان. من باوەڕم وایە لە ماوەیەکی کەمدا ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێت. هیچ بیانوویەکیش نییە بۆ ئەوەی چارەسەر نەکرێت، دۆخێکی ئاڵۆز بوونی نییە کە گەیشتبێتە بنبەست''.