AA
24 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2019
نیویۆرک ـ AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە تا ساڵی ٢٠٢٣، نزیکەی ٤٠٠ ھەزار بینا لە تورکیا دەچنە نێو سیستمی (پاشەرۆی سفر)ەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی لووتکەی گۆڕانکاریی ئاووھەوادا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، ھەر شتێک لەسەر زەوی بۆ سوود و بەرژەوەندی مرۆڤ بێت سپاردەیەکە و پێویستە بە شێوەیەکی باش پارێزگاری لێبکرێت.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەیشکردەوە کە گۆڕانکاری ئاووھەوا بووەتە کێشەیەکی جیھانی، بۆ ئەو مەبەستەیش ھاوکاری و ھاریکاری لەسەر ئاستی ھەرێمی یان جیھانی بووەتە مەرجێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە جیھانییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رێگاچارەی ئەوەیشی بە داواکردنی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرجەم وڵاتان دانا لە ھاوکاریکردن و رێگریکردن لە گۆڕانکاریی ئاووھەوادا و گوتی: "تورکیا لەگەڵ کینیا و پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێبونی مرۆیی، سەرۆکایەتی کۆمەڵێک کار دەکەن بۆ بنیاتنانی ژێرخان و شار و کاری ناوخۆیی".
سەرکۆماری تورکیا لە میانی گوتارەکەیدا باسی لەو ھەوڵ و پڕۆژانە کرد کە سەرەتا وەک سەرۆک شارەوانی گەورەشاری ئیستانبوڵ بۆ ماوەی چوار ساڵ و شەش مانگ، دواتر وەک سەرۆکوەزیران و پاشانیش سەرکۆمار بۆ پاراستنی ژینگە و رێگریکردن لە گۆڕانکاری ئاووھەوا ئەنجامیداون و خزمەتی گەورەیان بە وڵاتەکە کردووە، لەوانەیش زیادکردنی بەکارھێنانی غازی سروشتی لە بری سووتەمەنی قورس لە ٨١ پارێزگای تورکیا لەنێویاندا ئیستانبول.
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لەوەیش کردەوە کە تورکیا پێشەنگە لە ناوچەکەدا لەڕووی بەکارھێنانی وزەی خاوێنەوە، بەجۆرێک لەئێستادا لەسەدا ٣٠ی وزەی کارەبای تورکیا لەو وزەیەوە بەرھەم دەھێنرێت.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەروەھا باسی لەوەیش کرد کە تورکیا بە یەک لە وڵاتە دەگمەنەکانی جیھان دادەنرێت کە کار لەسەر زیادکردنی رێژەی دارستان دەکات لە خاکەکەیدا و گوتی:
"لە میانی ئەم ١٧ ساڵەی دواییدا، چوار ملیۆن نەماممان چاندووە، ھەروەھا لە ١١ی تشرینی دووەمدا، ١١ ملیۆن نەمامی تر دەچێنین، یەک لە ئامانجەکانیشمان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەرزکردنەوەی رێژەی دارستانە بۆ لەسەدا ٣٠، ھەروەھا ھەڵدەستین بە دامەزراندنی ھێڵی نوێی میترۆ لە پێناو کەمکردنەوەی کێشەی ھاتوچۆ و بڵاوبونەوەی غاز".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە درێژەی باسکردنی ئەو دەستکەوتانەی وڵاتەکەی لە بوارەکەدا بەدەستیھێناوە، ئەوەشی گوت کە تورکیا ھەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ زبڵ و پاشەڕۆکاندا، تەکنەلۆجیای ھاوڕێی ژینگە، ھەروەھا قۆستنەوەی سەرچاوەکانی ووزە و باشترکردنی ھەوا، ئاو و خاک.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "بە ھۆی گۆڕانکاری یاساییەوە کە جێبەجێمان کردووە بەکارھێنانی کیسەی نایلۆن لە وڵاتەکەمان بەڕێژەی سێ لەسەر چوار دابەزییەوە، ھەروەھا تەواوی شار و دامودەزگاکانمان بە شێوەیەکی خێرا پڕۆژەی پاشەڕۆی سفریان جێبەجێکرد کە بەسەرپەرشتی ھاوسەرەکەم (ئامینە ئەردۆغان) دەستیپێکرد".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی گوت "تا ساڵی ٢٠٢٣، نزیکەی ٤٠٠ ھەزار بینا لە تورکیا دەچنە نێو سیستمی (پاشەرۆی سفر)ەوە، ھەروەھا رێژەی بەکارھێنانەوەی پاشەڕۆکان لە لەسەدا ١٣ەوە بۆ لەسەدا ٣٥ بەرز دەکەینەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەیش کرد کە بۆ فێنکردنەوە لەگەڵ گۆڕانکاری ئاووھەوا و توانای رووبەڕووبونەوەی کارەساتەکان چەندین رێگایان گرتووەتەبەر، ھەروەھا لەسەر ئاستی ناوخۆیی پلانی کاری تایبەتیان لە ھەر ناوچەیەکی جوگرافی ئامادە کردووە لە پێناو رێگریکردن لە گۆڕانکارییەکانی ئاووھەوا.
سیستمی (پاشەرۆی سفر) کە بەسەرپەرشتی ئامینە ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەستیپێکردووە، کار دەکات لە پێناو گۆڕینی نەریتی بەکاربردنی ھاووڵاتییان و جیاکردنەوەی پاشەڕۆکان و سەرلەنوێ بەکارھێنانەوەیان.
لە ئێستادا ١٥ ھەزار دامودەزگای گشتی لە تورکیا لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدان و جێبەجێی دەکەن، بە شێوەیەکی زیاتریش کار لەسەر منداڵان و لاوان دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا لەنێو قوتابخانەکاندا چالاکی ئەنجام دەدەن بۆ گەیاندنی رۆشنبیری چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشەڕۆکان بە منداڵان.
لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا و بە ئامانجی کەمکردنەوەی بەکارھێنانی نایلۆن، پێدانی کیسی نایلۆن بە شێوەیەکی خۆڕایی لە سەرجەم شوێنە بازرگانییەکانی تورکیا راگیرا، ئەوەیش وای کردووە بەکارھێنانی کیسی نایلۆن لە مانگی یەکەمدا، بەڕێژەی لەسەدا ٧٠ کەمی کردووە.