Hamit Hüseyin
07 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2016
ھەولێر
لە رێوەڕسمێکدا بە بەشداری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان محەمەد ھاودیانی و پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی و سەرکۆنسوڵی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، مەحمەد ئاکیف ئینام و راوێژکاری سەرۆکی تیکا، کامیل کولاباش و چەندین پەرلەمانتار بەڕێوە چوو.
رێکخراوی مانگی سووری تورکی (تیکا) بە تێچووی نزیکە ٥٠ ھەزار دوڵار ھاوکاری خانەی بەساڵاچووانی کوردستانی کرد و ھەموو ھاریکارییەکان بریتین بوو لە کەلوپەلی نێوماڵ و نۆژەنکردنەوەی خانەکەش.
لە رێوەڕسمەکەدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی محەمەد ھاودیانی بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "سوپاسی کۆنسوڵخانەی تورکیا و ھەروەھا رێکخراوی تیکا دەکەم بۆ ھاوکارییەکانیان و ھەروەھا چەندین رێکخراوی ناوخۆیش ھەن کە ھاوکاری پێشکش دەکەن بەم خانەیە. ئێمە لە خانەی بەساڵاچووان کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی تایبەتمان ھەیە. لە کۆمەڵگەی نوور، چی پێداویستی سەردەمیانەیە بۆیان دابین دەکەیەن و نزیکەی ٧٠ کەس ژن و پیاو لێرە دەژین و ئەوانەی لێرەش وەردەگیرێن بۆ پیاو دەبێ تەمەنی لە ٦٠ بۆ سەرەوە و بۆ ژنیش دەبێ تەمەنی ٥٥ ساڵ بێت".
سەرکۆنسوڵی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، مەحمەد ئاکیف ئینام لە رێوەڕسمەکەدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ بۆ ھاریکاری ئەم بەساڵاچووانە ھاتووین و لە سەرەتای ساڵی نوێ سەردانی ئەم خانەی بەساڵاچووانەمان کرد ھەر لەو کاتە گوێبیستی داواکاریان بووین، ھەرچەندە ئەم خانەیە خزمەتێکی گەورە پێشکەش دەکات بەڵام لە ھەندێ بواردا ئەوان پێویستیان بە ھاریکاری ھەیە و ئێمەش بە پێی پێداویستی ئەوان داوامان لە حکوومەتی تورکیا کرد بۆ دابینکردنی کەلوپەلی ئێرە و ھیوادارین کە ئەم بەساڵاچووانە بە خۆشی بژین".
ھەروەھا ئاکیف ئینام گوتی: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستانیش پەیوەندییەکی ھەمەلایەنە و ئێمە ھەوڵ دەدەین ئەو پەیوەندییە بە باشترین شێوە بەڕێوە ببەن و ئەو ھاریکارییەی ئەمڕۆ کە لێرە کرا، مانایەکی گرنگی ھەیە".
پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی بۆ پەیامنێران گوتی: "لە ئێستادا کە ھەرێمی کوردستان لە قەیرانی داراییدایە و پێویستە پرۆژەکان بە بەردەوامی بەرەوپێش بچن، ئێمە سوپاسی حکوومەت و کۆنسوڵخانە تورکیا و رێکخراوی تیکا دەکەین بۆ ئەو ھاوکارییەیان کە لەم ساتەدا کە ئێمە لە قەیرانین ھاوکاریمان دەکەن ھەروەھا ئەوەش لە بیر ناکرێ ئاوارەیەکی زۆریش لە ھەرێمی کوردستان ھەیە و رۆڵی رێکخراوەگەلی نێودەوڵەتی کاریگەریی زۆر باشی ھەبووە لە یارمەتی ئەو ئاوارانە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ھەرێم بە تەنیا ناتوانێ ئاوارەکان بەخێو بکات و بەغداش ھاوکاری ئێمە ناکات".
راوێژکاری سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری تورکی کامیل کۆلاباش لەو رێوەڕەسمەدا سوپاسی رۆژنامەنووسانی کرد و گوتی: "ھەر لە سەرەتای ھاتنمان درووشمی (تیکا) ئەوە بووە کە ئایین و مەزھەب و زمان ھیچ کاریگەریی لە سەر کار و چالاکییەکانمان نابێت و لە ھەرێم ھەر کەسێک ھەبێت لە تورک ،کورد، مەسیح و ئاشووری ھیچ جیاوازی ناکەین و کارەکانمان تەنیا لە پێناو پێکەوە ژیان دەبێت".