ئەنتاڵیا - AA
شاری ئەنتاڵیای تورکیا میوانداری لە کۆمەڵێک وەرزشوانی گەنجی بە رەگەز ئەفریقی و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەکات کە تەمەنیان لە نێوان ١٦-١٩ ساڵی دایە و خەونی ئەوەیان ھەیە لە رێگای ھەڵبژاردنیان بۆ تیمی لاوانی یانە گەورەکان بەشداری لە یارییەکانی ئەورووپادا بکەن.
ئەو وەزشوانە لاوانە بەشداری لە کەمپێکی تۆپی پێ دەکەن کە لەلایەن کۆمپانیایەکی شاری ئەنتاڵیا رێکخراوە و لەم رێگەیەش ھەوڵی بەجێگەیاندنی خەونەکانیان دەدەن بە یاریکردن لە یانەکانی ئەورووپا.
ئەو لاوانە دوای ئەوەی لە ئەکادیمیاکانی تۆپی پێی وڵاتەکەیان ھەڵبژێردران، بانگھێشتی شاری ئەنتاڵیا کراون و لەوێشەوە توانەکانی خۆیان بۆ یانەکان دەخەنەڕوو.
خاوەنی کۆمپانیای بەڕێوەبردن و سپۆنسەرکردن، عەلی گوربۆغا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە یاریزانە بە تواناکانی وڵاتانی میسر، نێجیریا، مەغریب، کوێت و عێراق بانگھێشتی ئەو کەمپەی تۆپی پێ لە شاری ئەنتاڵیا کراون.
گوربۆغا راشیگەیاند کە تورکیا لە رووی بازاڕی تۆپی پێوە توانایەکی باشی ھەیە و گوتیشی: "تیمە بیانییەکان، تورکیا و ئەنتاڵیایان زۆر خۆش دەوێت. چەندین ساڵە لە وەرزی زستان لە شاری ئەنتاڵیا و لە وەرزی ھاوینیش لە شاری بۆڵو میوانداری ژمارەیەکی زۆری تیمی بیانی دەکەین. ئەنتاڵیا لە پاڵ ئەوەی بەھەشتی گەشتیارییە لە ھەمان کاتیشدا شاری تۆپی پێیە. ھەر بۆیەش یاریزانە لاوە بە تواناکانی ئەفریقا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئەنتاڵیا دەکەن و لێرەوە دەیانەوێ بڕۆن بۆ ئەورووپا. پێشبینی ئەوە دەکەین کە ئەوان لە داھاتوودا ببنە یاریزانە بە تواناکانی ئەورووپا".
لە لای خۆیەوە بەرپرسێکی ئاکادیمیای ئەلغانیا بۆ تۆپی پێ لە عێراق، مستەفا عورێبی کە یاریزانی بە توانا لە وڵاتەکەیەوە بۆ ئەنتاڵیا دەھێنێت رایگەیاند بۆ ئەوەی یاریزانان بگەنە ئەورووپا سەردانی شاری ئەنتاڵیایان کردووە.
عورێبی راشیگەیاند کە ئەوان زۆر خۆشحاڵن بە بوونیان لەو کەمپەی شاری ئەنتاڵیا و گوتیشی: "نزیکەی مانگێک پێش ئێستا سەردانی ئەنتاڵیامان کرد. لێرەدا کەمپێکی زۆر باش ھەیە. پێشتر عەلی عەدنانی بەرەگەز عێراقی کە بە شداری لە کەمپێکی ھاوشێوە کردبوو، لەگەڵ یانەی چایکور ریزەسپۆر گرێبەستی کرد. عەلی عەدنان ئێستا لە یانەی ئودینێسی ئیتاڵیای یاری دەکات، دەمانەوێت ئەو ژمارەیە زیاد بکەین".