Muhammet Ali Kemal
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە- AA
سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە کۆبوونەوەی ژمارە ١١٥ی لێپرسراوی لقەکانی سەربە پارتەکەی کە لەناوەندی گشتیی ئاک پارتی سازکرابوو، لەمیانەی گوتەیەکدا رایگەیاند "لەگەڵ عێراق قسەمان کرد و پێکەوە ھەڵسەنگاندنمان بۆ چۆنیەتی تاوتوێکردنی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و پێشھاتەکانی شنگال و، بەتایبەتیش بابەتی باشیک و مووسڵ کرد. کاتێک ئەوانە ئەنجامدران کاریگەری تورکیا لە ناوچەکەدا زیادی کرد. ئەوانەی ساڵێک پێش ئێستا تورکیایان بەشدار نەدەکرد لە بابەتی سووریادا، لە ئێستادا تورکیا چی بڵێت بەپێی ئەوە کار دەکەن. ئەوەش بەھێزی وڵاتەکەمانە. ئەوەیش لە بەھێزی وڵات، گەلەکەمان و، دانایی سەرکۆمارەوەیە".
گوتیشی: "دەڵێن رژێم دەگۆڕێت، چەند جار بیڵێینەوە، ٩٣ ساڵ پێش ئێستا کۆماری تورکیا راگەیەنرا، مشتومڕی رژێم ساڵی ١٩٢٣ کۆتاییھات، نوقتە. دەست لەمە ھەڵبگرن. کێ ھەڵدەخەڵەتێنن؟ گەل بڕیاری خۆی دا، پاشایەتیی نەما و کۆماری ھات. ھەمووانیش سوودمەندن لە نیعمەتەکانی کۆماری. ھەمووان ھەوڵی خۆیان دەدەن و چینایەتی نییە. گەل کێی بەدڵ بێت ئەوە ھەڵدەبژێرێت. لادێییەک ھەڵدەبژێرێت یان شارییەک. گرنگ ئەوەیە خزمەت بەگەل و نیشتمان بکات".
بینالی یڵدرم ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا لە ٢٠٠٧دا، ئەو رۆژە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی گوتەبێژی بۆ کەسانی دیکە دەکرد و، گوتی: "گوتەبێژی بۆ دیموکراسی نەکرد، بەڵکو بۆ لایەنی دیکەی کرد، ئەو رۆژە بوونە بەربەست لەبەردەم ھەڵبژاردنی سەرکۆماردا، ھەوڵیاندا بەربەست دروست بکەن. چۆن بەربەستبان دروست کرد؟ ٣٦٧ پەرلەمانتار پێویست بوو. واتا دوو لەسەر سێی ژمارەی پەرلەمانتارانی پێویست بوو، ئەگەر لە کۆبوونەوەکەدا ٣٦٧ پەرلەمانتار ئامادەنەبێت پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە، نەدەتوانرا سەرکۆمار ھەڵبژێردرێت. ئەو کاتە ھەڵبژاردنی ئەتاتورکیش ھەڵە بووە. ئەگەر بەپێی بیرکردنەوەی ئەوانە بیربکەینەوە، ئەوا ھەڵبژاردنی ئەتاتورک، ئینۆنو، جەلال بایار و ئەوانی دیکەش ھەمووی ھەڵەبووە. واتا بەیاسایی ھەڵەیە، وایە؟ ئەو دەرەنجامە دەردەچێت. تەماشاکەن شتێک نییە بگاتە ئەو ژمارەیە".
- ''لەراستیدا ھێزی پەرلەمان زیاد دەکات''
یڵدرم سەبارەت بە بانگەشەی ئەوەی رۆڵی پەرلەمان بەپێی ھەمواری نوێی دەستوور کەمدەبێتەوە، رایگەیاند: ''چی کەمدەبێتەوە؟ دەسەڵاتی ھەریەک لە کۆبوونەوەی گشتی، پێشنیاری ئاراستەکردنی پرسیاری نووسراو، لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی، یاسادانان، لێپرسینەوە لەسەرکۆمار ھەیە. دەسەلاتی ئەوەی ھەیە کە وەزیرەکان بانگ بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. لەراستیدا ھێزی پەرلەمان زیاد دەبێت. بۆچی؟ چونکە بەشێک لە پێکھاتەیەی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی دادوەریی پەرلەمان دیاریی دەکات. سەرکۆمار و پەرلەمان پێکەوە، دیاریی دەکەن. پەرلەمان و سەرکۆمار ھەردووکیان لەلایەن گەلەوە ھەڵدەبژێردرێن. ھەر لەبەر ئەوە ئیرادەی گەل رەنگدانەوەی لەسەر دەسەڵاتی دادوەریش بەشێوەیەک لەشێوەکان دەبێت''.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەبارەت بە ھەموارە نوێیەکەی دەستوور گوتیشی: ''لە بنەڕەتدا لەم سیستمەی ئێستادا، پارتی دەسەڵات ھەرچی بڵێت، پەرلەمان ئەوە ئەنجام دەدات. با یەکتری ھەڵنەخەڵەتێنین. بەڵام لە سیستمی نوێدا، پەرلەمان خاوەنی پێگەی خۆی دەبێت و ھەر پەرلەمانتارێک دەتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکەش بکات. ھێزی پەرلەمانتاران زیاد دەکات، ھەلی ئەوە دەڕەخسێنێت بۆ پەرلەمانتاران، زیاتر بەدەم کێشەکانی شارەکانی خۆیانەوە بن. لەبەرئەوە ئەوەی دەگوترێت ھەمووی بێ بنەمان و بۆ سەرلێتێکدانی گەلە. با گەلەکەمان بێ خەم بێت. ئێمە کارێک ئەنجام نادەین کاری گەلەکەمان سەخت بکات و ئایندەی بخاتە مەترسییەوە".
لەکۆتایی گوتەکانیدا بینالی یڵدرم جەختی لەوەکردەوە کە گۆڕانکاریی خواستی ھاووڵاتییانە و رایگەیاند: ''ئێمە ناتوانین بەرەنگاری ئەو خواستە ببینەوە. بەپێچەوانەوە پێویستە ئێمە گۆڕانکاریی بکەینە ناچاری. رەنگە گشتپرسیی لەسەر ھەمواری دەستوور لە نیوەی یەکەمی مانگی نیساندا، تا ٢٠ی نیسان لە وادەیەکی گونجاودا بکرێت. وابزانم لەم ھەفتەیەدا وادەکە دیاری دەکرێت. بەدڵنیاییەوە ئەوە بڕیارێکە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن دەیدات".