Mohammed Baqi Hussein
07 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2016
مۆسكۆ - AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا بینالی یڵدرم رایگه‌یاند په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا - رووسیا پێی ناوه‌ته قۆناغێكی نوێوه و لهكۆبوونهوهكانیشیدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی رووسیا ڤلادیمیر پوتین و سه‌رۆكوه‌زیران دیمیتری مێدڤێدڤ ئەوەی دووپاتیكردووه‌ته‌وه.
له‌میانه‌ی گه‌شته‌كه‌یدا بۆ رووسیا بینالی یڵدرم له‌لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئینته‌رفاكسی رووسی، قه‌یرانی سووریا، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا - رووسیا و رێكخراوی هاریكاریی شانگای هه‌ڵسه‌نگاند.
یڵدرم رایگه‌یاند توركیا گرنگیی زۆر ده‌دات به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رووسیا و گوتی: "ده‌توانین بڵێین قۆناغێكی نوێ له په‌یوه‌ندییه‌كانمان ده‌ستیپێكردووه. ئه‌مه له كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی رووسیا ڤلادیمیر پوتین و سه‌رۆكوه‌زیران مێدڤێدڤ دووپاتكراوه‌ته‌وه".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگه‌یاند له‌كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ پوتین و مێدڤێدڤ بابه‌تی سووریایان تاوتوێكردووه و گوتی: "ئەردۆغان و پوتین زوو زوو بابه‌تی سووریا تاوتوێ ده‌كه‌ن. ئه‌م بابه‌تە سێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیی هه‌یه. یه‌كه‌میان ئه‌و خوێنه‌ی له‌حه‌له‌ب ده‌ڕژێت. دووه‌م له‌ناوبردنی هێرشه تیرۆرستییه‌كانی سنووری باشووری وڵاته‌كه‌مان. سێیه‌میشیان رێگریكردن له چالاكییه‌كانی یه‌په‌گه/په‌كه‌كه دژی توركیا".
بینالی یڵدرم له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی قه‌ڵغانی فوراتیشه‌وه رایگه‌یاند: "ئۆپه‌راسیۆنه‌كه په‌یوه‌ندیی به پێشهاته‌كانی حه‌له‌ب و گۆڕانكاریی رژێمه‌وه نییه له‌سووریا. ته‌نها یه‌ك ئامانجی هه‌یه، ئه‌ویش دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیی داعش و گرووپه تیرۆرستییه‌كانه له‌ناوچه‌كه".
- "توركیا نایه‌وێت یه‌كێتیی گه‌ل و خاكی سووریا گۆڕانكاریی به‌سه‌ردابێت"
سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به جیابوونه‌وه‌ی پێكهاته‌یه‌كی فیدراڵی له سووریا گوتی:
"ئێمه سوورین له‌سه‌ر یه‌كه‌م راگه‌یه‌نراوی خۆمان كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بڵاومانكردووهتهوه. پێویسته یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا بپارێزرێت، سووریا ته‌نها هی سوورییه‌كانه و پێویسته هی ئه‌وان بێت. گرووپه نه‌ژادییه جیاجیاكان پێشتر له‌وێدا پێكه‌وه ژیاون و له‌ئاینده‌شدا ده‌توانن پێكه‌وه بژین. توركیا نایه‌وێت یه‌كێتیی گه‌ل و خاكی سووریا گۆڕانكاریی به‌سه‌ردابێت".
- "په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا - رووسیا"
بینالی یڵدرم رایگه‌یاند له‌گه‌ڵ رووسیا بڕیاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌یان داوه كه دوای ئه‌و رووداوه تاڵانه‌ی له‌نێوان هه‌ردوولادا روویاندا، كه‌تووه‌ته‌وه.
یڵدرم راشیگه‌یاند له‌نێوان رووسیا و توركیادا پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی وزه هه‌یه و پێویسته ئه‌و پڕۆژانه خێراتر بكرێن و گوتی: "جگه له‌وه بابه‌تی پیشه‌سازیی ئاسمانیی و به‌رگریی بۆ زیادكراوه. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا پڕۆژه‌ی نوێ ئه‌نجامده‌درێت".
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی رووسییه‌وه یڵدرم گوتی: "ئێمه ته‌نها پڕۆژه‌یه‌كمان تاوتوێ نه‌كردووه. به‌گشتی باسی ئه‌و بابه‌تانه‌مان كردووه. هه‌ردوولا پێمان وایه به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان پێویسته. ئه‌مه له‌چوارچێوه‌ی به‌رپرسیارێتیی مندا نییه. با شاره‌زایانی بواره‌كه قسه‌ی له‌سه‌ربكه‌ن. من ته‌نها ده‌توانم بڵێم كه له باره‌ی پیشه‌سازیی ئاسمانیی و به‌رگرییدا گه‌یشتووینه‌ته رێككه‌وتن".
- "رێكخراوی هاریكاریی شەنگەهای"
له‌وه‌ڵامی پرسیاری "توركیا كه‌ی په‌یوه‌ندی به رێكخراوی هاریكاریی شەنگەهایهوه ده‌كات؟" یڵدرم رایگه‌یاند: "ئێمه هاوبه‌شی دایەلۆگی رێكخراوهكهین. به‌رده‌وامیش ده‌بین له كاره‌كانمان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان. به‌ڵام با ئه‌وه روون بێت، به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ رێكخراوی هاریكاریی شهنگەهای نابێته جێگره‌وه‌ی ئه‌ندامبوونمان له‌یه‌كێتی و رێكخراوه‌كانی دیكه. رێكخراوی دیكه‌ش هاوشێوه‌ی ئه‌و رێكخراوه هه‌یه كه توركیا ئه‌ندامه تێیاندا".