Heman Hussein Yaseen
28 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2021
ههولێر - AA
لە میانی کردنەوەی نەخۆشخانەی لالاڤ بۆ چاودێری چڕ، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە سبەی دووشەممە، ڤاکسینی سینۆفارم دژبە کۆرۆنای نوێ دەگاتە ھەرێمی کوردستان و جەختی لەوەشکردەوە کە لەگەڵ گەیشتنی ڤاکسینەکە پێویستی بە ھەندێک پشکنین ھەیە و دواتر بڕیار لە کاتی بەکارھێنانی دەدرێت.
سامان بەرزنجی لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا دەربارەی کاتی گەیشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە سبەی شەو یەکەم کاروانی ڤاکسینەکە دەگاتە ھەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە گوتی: ''نزیکترین کاروانی ڤاکسینی (سینۆفارم)ی کۆڕۆنا کە لەلایەن وڵاتی چین پێشکەیشی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە سبەی شەو کاروانەکە دەگات، لەو کاروانە پێنج ھەزار ڤاکسین بەشی ھەرێمی کوردستانە''.
سامان بەرزنجی گوتیشی: ''ئەو ڤاکسینە پێویستی بە پشکنین و چەند پرۆسەیەک ھەیە تا بڕیاری بەکارھێنانی بۆ دەردەچێت، ناکرێت لەگەل گەیشتنی بەکاربھێنرێت، ھەر بۆیەش لەبەر ئەوەی ستافێکی وڵاتی چین لە ھەرێمی کوردستان کاردەکەن، کۆنسولی گشتی چین دوێنێ سەردانی کردین و داوای کردووە ژمارەیەک ڤاکسین بۆ ئەوان دابین بکرێت، بەشەکەی دیکەی کە نزیکەی چوار ھەزار ڤاکسین دەمێنێتەوە کە ھەردوو ڤاکسین بۆ کەسێک دەبێت واتا نزیکەی دوو ھەزار کەس سوودمەند دەبێت''.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتیشی: ''ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی ئەو ڤاکسینە دابەش دەکەین بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی و بەپێی ئەو رێنمایی و رێکارانە دیاری دەکرێت کە کێ وەریدەگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش ناونوسین دەستی پێکردووە''.
سامان بەرزنجی راشیگەیاند کە ئەو کاروانە بەشی ھەموو کارمەندانی تەندروستی ناکات، بۆیە چاوەڕوانی کاروانی دیکە دەکەین لە بەغدا کە پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای مانگی سێ بگاتە عێراق و بەشی ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت.
سامان بەرزنجی گوتیشی: ''چەند رێگە و پرۆسەی دیکە ھەیە بۆ دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا، بۆیە ئێمە لەگەل عێراق لە پەیوەندی بەردەوامین لەسەر ئەو پرۆسەیە''.