Sarmand Hameed
20 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2021
هەولێر- AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٤٩ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٨٤٩ کەس چاکبوونەتەوە، ١١ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٤٩ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، زۆرترین ژمارەیان لە سلێمانی بووە بە ٢٢٦ کەس، ١٩٥ لە دهۆک، ١٤٧ لە هەولێر، ٦٣ لە گەرمیان و ١٠ لە راپەڕین و هەشت لە هەڵەبجە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٨٤٩ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە هەولێر بووە بە ٣١٠ کەس، ٢٦٦ لە دهۆک، ٢١٠ لە سلێمانی، ٤٤ کەس لە گەرمیان، ١٥ کەس لە هەڵەبجە و چوار کەسیش لە راپەڕین.
هەروەها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١١ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، شەش کەس لە سلێمانی، دوو کەس لە هەولێر، دوو کەس لە گەرمیان و یەک کەسی دیکەش لە راپەڕین بووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، یەک ملیۆن و ٧٧٧ هەزار و ٧٠٩ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، ١٦٣ هەزار و ٦٦٦ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و چوار هەزار و ١٩٥ کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ١٤٧ هەزار و ٤٠٧ کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و ١٢ هەزار و ٦٤ کەسیش لەژێر وەرگرتنی چارەسەرییدا ماون.