Rewa Mahmood Hasan
01 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2020
سلێمانی-AA
تۆمارکردنی چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی راگەیەنرا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە باڵەخانەی پارێزگای سلێمانی بۆ هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی و بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی سلێمانی، لیوا حهسهن نوری ئەنجامدرا، تێیدا ئەنجامی پشکنینەکان بۆ چەند حاڵەتێکی گوماناوی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا ناسراو بە کۆڤید-١٩، ئاشکرا کران.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، سەباح هەورامی رایگەیاند کە دوای دەرچوونی ئەنجامی پشکنینەکان، چوار حاڵەت لە شاری سلێمانی کە تووشی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا (کۆڤید-١٩)، تۆمار کراون.
سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو چوار حاڵەتە لە ئەنجامی ئەو پشکنینانەیە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئەنجامی داوە بۆ ئەو کەسانەی گومانیان لێکردوون و گوتی، "توانیمان لەنێو ئەو کەسانەی لە نێو کەرەنتینەکاندابوون پشکنین بکەین و ئەو چوار حاڵەتە بدۆزینەوە کە تەمەنیان لەوانەیە دەتوانن سەرکەوتووبن بەسەر نەخۆشییەکەدا".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو چوار حاڵەتەی تۆمار کراون لە شاری سلێمانی خێزانێکی سێ کەسین، کە پیاوێکی ٣١ ساڵی، هاوسەرەکەی ٢٣ ساڵە و منداڵەکەشیان تەمەنی هەشت ساڵە، لەگەڵ ئافرەتێکی دیکە کە بەجیا گەڕاوەتەوە لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدایە، لە مەرزەکانەوە گەڕابوونەوەو خرابوونە کەرەنتینەکانەوە.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی، لیوا حەسەن نوری سەبارەت بەو هاووڵاتیانەی بەڕێگەی قاچاخ لە وڵاتی ئێرانەوە گەڕاونەتەوە ئاماژەی بەوەدا کە تیمەکانی ئاسایش بەردەوامن لە دیاریکردنی شوێنی ئەو کەسانەی لە ئێران گەڕاونەتەوە بە پاڵپشتی هاووڵاتییانی شاری سلێمانی کە هەڵدەستن بە ئاگادارکردنەوەمان بۆ ئاشکراکردنی شوێنی ئەوانەی بە قاچاخ گەڕاونەتەوە و پشکنینی تەندروستییان بۆ نەکراوە.
حەسەن نوری ئاشکرای کرد کە "چەند کەسانێکی نەفس نزم هەڵساون بە گێڕانەوەی چەند کەسێک لە وڵاتی ئێران بەشێوەی قاچاخ، بەڵام خۆشبەختانە بەبڕیاری دادگا زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەمان دەستگیر کردووە کە کاری قاچاخچێتی دەکات و ئەو هاووڵاتییانەیان لە ئێرانەوە هێناوەتەوە بۆ شاری سلێمانی".
لە ئێستادا هەزارو ٨٥٠ کەس لەنێو٢١ کەرەنتینی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کراون کە پێشتر لە وڵاتی ئێران لە رێگەی مەرزە نێودەوڵەتییەکانەوە گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش بەڕێگەی قاچاخ هاتوونەتەوە سنووری هەرێم و هیچ پشکنینێکی تەندروستییان بۆ ئەنجام نەدراوە.